ئۆکراین چەند پردێکی تەقاندەوە بۆ ڕاگرتنی سوپای ڕووسیا

2022-02-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دەسەڵاتدارانی ئۆکراین ڕایانگەیاند، لە بۆردومانەکانی بەیانی ئەمڕۆی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت، یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون موشەکێکی بەرکەوتووە و چەند نھۆمێکی زیانی زۆری پێگەیشتووە، بەڵام ھێشتا زیانە گیانییەکانی ھێرشەکە نەزانراوە.

باڵیۆزی ئۆکراینیش لە ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ھەموو بەرەکانی شەڕەوە سوپای وڵاتەکەی ڕووبەڕووی ھێرشی دڕندانەی سوپای داگیرکاری ڕووسیا بوونەتەوە و بەرگری سەخت لە وڵاتەکەیان دەکەن.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکاش بڵاویکردەوە، بۆ بەرگرتن لە پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا، ئۆکراین چەند پردێکی لە دەرەوەی کیێڤی پایتەخت تەقاندووەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئۆکراینیش ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا ھێزە یەدەگەکانی بە ئاڕاستەی سنورەکانی وڵاتەکەی جوڵە پێکردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینیش داوای لە وڵاتانی جیھان کرد ڕووسیا پەراوێز بخەن و باڵیۆزەکانی دەربکەن و گەمارۆی بەسەردا بسەێنن.

لەسەر ئاستی مەیدانیش وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، شاری میلیتۆپۆلی ئۆکرانیان لە باشوری ئەو وڵاتە کۆنترۆڵکردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، باوەڕ بەو زانیارییانە ناکات کە باس لە کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە دەکات لەلایەن سوپای ڕووسیاوە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووسیا بە ھیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوەی نەکردووە، ھێرشەکانی بەو شێوەیە بێت و ڕووبەڕووی بەرگری بەھێزی سوپای ئۆکراین ببێتەوە.