چاودێران: پوتن دەیەوێت روسیا لە زلهێزێكی ناوچەییەوە بكاتە زلهێزێكی جیهانی

2022-02-25   |  
ڤلادمیر پوتن
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە ھێرشکردنە سەر ئۆکراین، روسیا بە ئاشکرا جەنگێکی ساردی دژی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا دەستپێکرد، ھەرچەندە دیار نییە کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە بەرۆکی چەند وڵات دەگرێت، بەڵام لێدوان و ھەڵوێستی سەرکردەکانی جیھان لەسەر شەڕەکە، ئاشکرای دەکات، لە داھاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دروست دەبێت.

ئەگەرچی پێشتر لێپرسراوانی روسیا چەندین جار جەختیان لەوە دەکردەوە، ئامانجیان نییە ئۆکراین داگیربکەن، بەڵام بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، سوپای روسیا سنورەکانی ئۆکراینی بەزاند و لە ئاسمان و زەوییەوە ھێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە و ئەوەش ھەواڵێکی شۆکھێنەر بوو.

پێشتر سەرکردەکانی ناتۆ وەک رێکخراوی سەربازیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا وەک زلھێزێک و جەمسەرێکی جیھان لێدوانەکانیان بەرامبەر روسیا توند بوو وھەڕەشەی ئەوەیان دەکرد، ئەگەر بێتو مۆسکۆ ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین، دەستەوەستان نابن و گونجاویان دەبێت، بەڵام دوای ھێرشەکە وردە وردە خاوبوونەوە و بەوەڕازی بوون سزای ئابووری بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن، ئەوەش لێپرسراوانی ئۆکراینی بێ ھیوا کرد، بەجۆرێک کە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین لە دواین لێدوانیدا گلەیی لە سەرکردەکانی جیھان کرد و رایگەیاند، تا ئێستاش جیھان سەیری داگیرکردنی ئۆکراین دەکات، بێ ئەوەی ھیچ ھەڵوێستێکیان ھەبێت. 

بە تێڕوانین لەو رووداوانە، دوو ئەگەر پێشبینیکراوە، ئەگەری یەکەم ئەوەیە ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا دەیەویت بە داگیرکردنی ئۆکراین، گۆڕانکاریی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دروست بکات، بەشێوەیەک کە سیستمی جیھانی کە پێشتر لە دوو لایەنی ئەمریکا و چین پێکھاتبوو، بگۆڕێت بە سیستمی سێ جەمسەری و روسیا لە زلھێزێکی ناوچەییەوە بکاتە زلھێزێکی جیھانی.

ئەگەری دووەمیش پێمان دەڵێت کە سەدەی ٢١، جیھانێکی دوو جەمسەرییە و روسیا بەو کارەی دەیەوێت، لەلایەک پێگەی خۆی لەپاڵ چیندا قایمتر بکات و توانا و دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکە بسەپێنێت، لەلایەکی دیکەش رێگە لە فراوانبوون و پاوانخوازی ناتۆ لە نزیک سنورەکانی بگرێت.

پێشبینیش دەکرێت، قەیرانی ئۆکراین کاریگەری بەرچاوی لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران و نرخی نەوت و بازاڕی وزەی جیھان دروست بکات.