بە دەیان ھەزار ھاوڵاتی وڵاتانی عەرەبی لە ئۆکراین گیریانخواردووە

2022-02-25   |  
ھاوڵاتی عەرەبی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لەگەڵ پێشھاتە نوێیەکانی ھێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراین، ھۆشداری دەدرێت لە مەترسی بەرپابوونی کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتەدا، بە تایبەت دوای ئەوەی لە زۆربەی شارەکانی ئۆکراینەوە کۆچی بە کۆمەڵی ھاوڵاتیان بۆ شارەکانی خۆرئاوای وڵاتەکە دەستیپێکردووە.

بە دەیان ھەزار کەس لە بە شێک لە وڵاتانی عەرەبییەوە بە ھۆکاری جیاجیا لە ئۆکراین نیشتەجێن و ئێستا بەھۆی مەترسی ھێرشەکانی روسیاوە بۆسەر ئەو وڵاتە ژیان و چارەنووسیان ڕووبەرووی مەترسی بووەتەوە.

ئاژانسەکان باس لەوەدەکەن، لە ئۆکراین بە دەیان ھەزار ھاوڵاتی وڵاتەکانی سوریا و میسر و مەغریب و عێراق و ئوردن و جەزائیر ھەن و دەڵین ، ناتوانن وەک ھاوڵاتیانی ئۆکراین ڕوو لە ناوچە سنورییەکانی خۆرئاوای وڵاتەکە بکەن، کە بەھۆی مەترسی جەنگەکەوە، بەزۆری بۆ لای کەسوکار و نزیکەکانیان کۆچ دەکەن.

بەھۆی گۆڕانی لە ناکاوی ڕەوشی ناکۆکییەکانی نێوان ئۆکراین و ڕوسیا، ئەو ھاوڵاتیانە پێشبینی ئەوەیان نەکردووە، بەو خێراییە جەنگ نزیک بێتەوە و ئەوان لەو وڵاتە گیربخۆن و نەتوانن بچنە دەرەوە.


بەشێک لەو ھاوڵاتیانە بۆ خوێندن یان بۆ گەشت چوونەتە ئۆکراین و باس لەوە دەکەن، بەرەبەیانی زوو بە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە و دەنگی تەقینەوەی موشەک خەبەریان بووەتەوە.