ئۆکراین داوا لە ھاووڵاتیانی دەکات روسیا جێبھێڵن

2022-02-23   |  
ئۆکراین
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجومەنی ئاسایشی ئۆکراین داوای راگەیاندنی باری نائاسایی دەکات، "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا دەڵێت، بەرژەوەندییەکانیان جێگەی دانوستان نییە.

ئەنجومەنی ئاسایشی ئۆکراین داوای کردووە بەھۆی زیاتر بوونی مەترسییەکانی داگیرکاری لەلایەن روسیاوە، باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا رابگەیەندرێت، داواشی لە پەرلەمانی وڵاتەکە کرد لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا ئەو داوایە پەسەند بکات.

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین داوای لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە گەشت بۆ روسیا نەکەن و ئەوانەشی لەوێن بە زووترین کات روسیا بەجێبھێڵن.

"ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیاش رایگەیاند، ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی روسیا جێگەی گفتوگۆ و دانوستان نین، بەڵام ئامادەن بۆ چارەسەری دیبلۆماسی بۆ کێشەی ئۆکراین و وڵاتانی خۆرئاوا، "پوتن" ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد وڵاتەکەی رووبەڕووی چەندین ھەڕەشە دەبێتەوە و تا ئێستاش وەڵامیان بۆ مەترسییەکانیان وەرنەگرتووە. "پوتن" جەختیشی کردەوە لە گەشەدان بە توانای سوپا و کەشتیگەلی روسیا و تەکنەلۆژیای زیرەک و کوالێتی چەکەکانیان.