جۆنسن: جەنگی ئۆکراین دەبێتە گەورەترین جەنگ

2022-02-20   |  
جۆنسن روسیا ئۆکراین
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، رایدەگەیەنێت، روسیا ھەفتەی داھاتوو ھێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێدەکات، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، روسیا لە دوو قۆڵەوە پەلاماری ئۆکراین دەدات.

ئێلیزابێز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، نوێترین وادەی بۆ ھێرشی سەربازیی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دیاریکرد و رایگەیاند، لە خراپترین سیناریۆدا روسیا ھەفتەی داھاتوو پەلاماری ئۆکراین دەدات، بەوەش ئەوروپا رووبەڕووی گەورەترین ھەڕەشەی ئەمنی لە سەدەی ٢١دا دەبێتەوە.

ھاوکات بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاشکرایکرد، روسیا پلانی ھەیە بۆ ھەڵگیرساندنی گەورەترین جەنگ، کە دەبێتە گەورەترین جەنگ لە ئەوروپا لە دوای ساڵی ١٩٤٥، راشیگەیاند، بە پێی زانیارییە ھەواڵگیرییەکان روسیا ھێرش دەکاتە سەر ئۆکراین و کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ دەکات.

ھەر لەو چوارچێوەدا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە ھۆشدارییەکدا بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی خۆرئاوا، رایگەیاند، زانیارییە ھەواڵگیرییەکان دەریدەخەن سوپای روسیا پلانی ھەیە لە قۆڵی خۆرھەڵاتی ھەرێمی دۆنباس و قۆڵی باکوور لە سنووری بێلاڕوسەوە، بچێتە خاکی ئۆکراینەوە.