ڕووسیا ھێزی زیاتر لە سنوورەکانی ئۆکراین جێگیر دەکات

2022-02-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنیت، ڕووسیا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی سەرباز لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین، ڕووسیاش جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە مۆسکۆ دەردەکات.

لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕووسیا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی سەربازەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین، ھاوپەیمانیەکانی ناتۆش بەرگریی لە خاکی ھەموو ئەندامانی ھاوپەیمانیەکە دەکەن.

ھەر لە بارەی گرژییەکانەوە، کۆشکی سپیی ئەمریکاش ڕایگەیاند، ڕووسیا حەوت ھەزار سەربازی تری لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین جێگیر کردووە.

لە لایەکی ترەوە، میدیاکانی ڕووسیا بڵاویانکردەوە، حکومەتی مۆسکۆ جێگری باڵیۆزی ئەمریکای لە مۆسکۆ ئاگادارکردووەتەوە وڵاتەکەی بەجێبھێڵت، لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی بڕیارەکەی ڕووسیای کرد.