روسیا ١٠ کاروانی سەربازی لە نیمچە دوورگەی کریما دەکشێنێتەوە

2022-02-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا و ناتۆ رەتیدەکەنەوە ھیچ وادەیەکیان بۆ ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دیاری کردبێت، روسیاش دەڵێت ١٠ کاروانی سەربازی لە نیمچە دوورگەی کریما کشاونەتەوە.

نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ھیچ کات وادەیەکی دیاریکراویان سەبارەت بە ئەگەری ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دیاری نەکردووە، تەنھا ئاماژە بەوە دراوە کە روسیا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشە دەکات.  


وتیشی، مەترسییەکانی ئەمریکا سەبارەت بەو ھێرشە ھیچ نەگۆڕاوە، ئەگەرچی روسیا باس لە کشانەوەی ھێزەکانی دەکات لەسەر سنور. 


ھاوکات مارگریتا روبیلس وەزیری بەرگری ئیسپانیا رایگەیاند، ناتۆ ھیچ وادەیەکی دیاری کراوی بۆ ئەنجامدانی ھێرشی روسیا دەستنیشان نەکردووە.


لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویکردەوە، ١٠ کاروانی سەربازی دوای کۆتاییھاتنی مانۆڕەکانیان، نیمچە دوورگەی "کریما"یان بەجێھێشتووە.


میدیاکانی روسیاش بڵاویانکردوەتەوە، ھێزی حکومی سەر بە کییڤ تۆپھاوێژیان ئاڕاستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جودایخوازییەکان لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین کردووە، کە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دەکرێن، ئەوەش پێچەوانەی رێککەوتنەکانە بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ.