پوتن: جەنگمان ناوێت پێشنیازی گفتوگۆ دەکەین

2022-02-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڤلادیمێر پوتن سەرۆک کۆماری ڕوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەوان جەنگیان ناوێت و پێشنازی دەستپێکردنی گفتوگۆیان کردووە، بۆ کەیشتن بە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ئاسایشی ھاوبەش.

پوتن ئاماژەی بەوەکرد سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا، تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنیان لە لایەن ئەوروپاوە پێنەگەیشتووە.

لە بەرامبەردا (ئۆلاف شۆلتز) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ھێشتا نەگەیشتووەنەتە ڕێگەیەکی داخراو و بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستا، بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و دوورخستنەوەی بژاردەی جەنگ.

پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوسیا ناتوانێت چاو دابخات لە لێکدانەوەکانی ئەمریکا و ناتۆ بۆ بنەماکانی ئەو راستیەی کە ئاسایش دابەش ناکرێت، بۆیە دەبێت دڵنیایی تەواو بدەن بە مۆسکۆ لەو ڕووەوە.

باسی لەوەشکرد، وەڵامەکانی خۆرئاوا لەسەر پێشنیازەکانی ئەوان، وەڵامی داواکارییەکانیان ناداتەوە سەبارەت بە دڵنیایی لە پاراستنی ئاسایشی ڕوسیا.

جەختیشیکردەوە،ڕوسیا بەردەوام دەبێت بە ناردنی غازی سروشتی وڵاتەکەی لە خاکی ئۆکرانیاوە بۆ ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٢٤.

سەرۆکی ڕوسیا دووپاتیشیکردەوە، ڕوسیا بە توندی وەڵامی ھەموو ھەڕەشەیەک دەداتەوە، کە مەترسیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی.

 ھاوکات شۆڵتز رایگەیاند، کشانەوەی بەشێک لە سوپای ڕوسیا لە سنوری ئۆکرانیا ئاماژەیەکی باش و ئەرێنییە.