جیهان

گروپی چەكداریی "تەحریر شام" دەستبەسەرداگرتنی ١٤ گوند و ناوچەی لە سنووری حەما راگەیاند و ٧ كیلۆمەتر لە شارەكەوە دوورە.

گروپەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، دەستیان بەسەر نزیكەی ١٤ گوند و شارۆچكەی نوێدا گرتووە، ئەمەش پاش ئەوەدێت ئۆپەراسیۆنەكانیان دژ بە هێزەكانی سوپای سوریا، لە ناوچەكانی گوندی حەما لە ناوەڕاستی وڵاتەكە فراوانتر كردووە.

دەشڵیت، زیاتر لە ٥٠ سەربازی سوپای سوریایان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە شارۆچكەی حەما كوشتووە و هێزەكانیان دەستیان بەسەر گوند و شارۆچكەكاندا گرتووە.

موقەدەم حەسەن عەبدولغەنی یەكێك لە فەرماندەكانی "تەحریر شام" دەڵێت، هێزەكانیان لە چەند لایەكەوە لە دەوروبەری شاری حەما، لە ناوەڕاستی سوریا بەردەوامن لە پێشڕەویكردن.

بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، چەكدارانی تەحریر شام تەنها ٧ كیلۆمەتر لە شاری حەماوە دورن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی كۆریای باشوور باری نائاسایی راگەیاند و پەرلەمانی داخست، ئۆپۆزسیۆنیش بە هەوڵی كودەتا تۆمەتبار دەكات، ئەمریكاش چاودێری دۆخەكە دەكات.

یون سوك یول سەرۆكی كۆریای باشوور لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا باری نائاسایی  راگەیاند و كاركردنی بە یاسای سەربازی راگەیاند و پەرلەمانی داخست، ئەنجامدانی هەموجۆرە چالاكیەكی سیاسیشی قەدەغە كرد و ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبار كرد بەپلان دانان بۆ كودەتا و پاڵپشتیكردنی كۆریای باكوور.

وتیشی، بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی پەرلەمان دەدات و دەیەوێت حكومەت و دەوڵەت ئیفلیج بكات و ئەو بڕیارەی لە بەرژەوەندی وڵاتەكەیداوە.

هاوكات، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بە وردی چاودێری دۆخی كۆریای باشوور دەكەن.

لە ساڵانی 1950 بۆ 1954 شەڕ لە كۆریا رویدا و دوای شەڕەكە كۆریا كرایە دوو بەشەوە، كۆریای باكوور هاوسۆزی روسیایە و كۆریای باشووریش پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە.

كۆریای باشوور وڵاتێكی دیموكراسیە و یەكەم جارە بڕیارێكی لەو شێوەیەی تێدا بدرێت. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەسەدە كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەوت گوندی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوپای سوریادا بوون.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هەسەدە ئۆپەراسیۆنێكی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەوت گوند دەستپێكرد و دوای روبەڕوبوونەوەیەکی سەخت لەنێوان هەسەدە و سوپای سوریادا، هەسەدە توانی گوندەكانی 'حسێنییە، ساڵحییە، حتە، مەڕات، مەزڵوم، خشام و تابیە' كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.

هاوكات ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، مەترسیی پەلاماری شانە نوستووەكانی داعش دروستبووە و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو حەوت گوندەش لەسەر داوای دانیشتووانیان بووە.

لە رۆژی ٢٧ی مانگی رابردووەوە شەڕ و پێکدادان لە سوریا دەستی پێکردووە و گروپە چەکدارەکانی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون هێرشەکانیان بەرەو ناو حەلەب دەستپێکردووە، لە ئێستاشدا بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای بەپەلە راگرتنی شەڕ دەکات لە سوریا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
عێراق

وتەبێژی حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت، رێگە بە هیچ لایەنێكی عیراقی نادرێت لە دەرەوەی ئەو پلانەی سەبارەت بە سوریا داڕێژراوە هەنگاو بنێت.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، ئێران ئاگاداری نەكردوون لەوەی هێز لەرێی عیراقەوە رەوانەی سوریا بكات و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 پلانیان بۆ پاراستنی سنورەكانیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوانی هەڵوێستی یەكگرتووی عەرەبین سەبارەت بە مەترسی رووداوەكانی سوریا

وتەبێژی حكومەتی عیراق دەشڵێت، "پێویستە نێوەندگیرییەكی كاریگەری عەرەبی هەبێت بۆ كۆتاییهێنان بە روداوەكانی سوریا".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راوێژكاری دارایی سودانی رایگەیاند، لە هەمواری یاسای بودجە گۆڕانكاری لە داهات و خەرجی هەرێمی كوردستاندا دەكرێت و ئەو پرسە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح-راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە ئێستادا عیراق كار بە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی سێ ساڵە دەكات كە لە ساڵی ٢٠٢٣ پەسەند كراوە.

دەشڵێت، بودجەی ٢٠٢٥ بووەتە یاسایەك لە چوارچێوەی بودجەی سێ ساڵەدا، ئەو یاسایەش بە رەسمی بڵاوكراوەتەوە لە رۆژنامەی "وەقائیعدا".

راوێژكاری دارایی سودانی وتیشی، گۆڕانكای لە بڕگەكانی داهات و خەرجی هەرێمی كوردستان پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری تێدا بكرێت بەشێوەیەك بێت كە لەگەڵ هەمواری یاسای بودجەدا بگونجێت. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق رایگەیاند، وڵاتەكەی دۆخی ئێستای سوریا رەتدەكاتەوە، جەختیشی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە رێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان كردەوە.

قاسم ئەعرەجی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا گفتوگۆی لەسەر دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە كرد و رایگەیاند، ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی لە سوریا رودەدەن، ئەو رێكخراوانە ئەنجامیدەدەن كە لەلایەن ئەمریكاوە وەك گروپی تیرۆریستی پۆڵێن كراون.

وتیشی، پێویستە رێز لە رێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان بگیرێت، تێكدانی رێككەوتنەكە كاردانەوەی جددی لەسەر لوبنان و ناوچەكە دەبێت.

لای خۆیەوە ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عیراق دووپاتیكردەوە، واشنتۆن پاڵپشتی گرژی و ئەو ئاژاوەیە ناكات، كە لە سوریا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە سەریهەڵداوە و ئەو كردەوە تیرۆریستییانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و جیهان دەكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
کوردستان

وەفدێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لەبەغدادە بەمەبەستی هاوتاكردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر كە ئەندامی وەفدەکەیە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی سێشەممە وەفدێكی باڵا بەسەرپەرشتی كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گەیشتووەتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوتاكانیان لە عێراق.

باسی لەوەشكرد، وەفدەکە بۆ چوار پرس چووەتە بەغداد كە بریتین لە هاوتاكردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، زیادكردنی ناوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی تۆمار نەكراون، گەڕاندنەوەی هاوكاری بۆ خێزانە هەژارەكان لەگەڵ پێدانی سەبەتەی خۆراك بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

لە مانگی ئەیلولدا وەفدێكی وەزارەتی كار و كاروباری عیراق، سەردانی هەولێریان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی  وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم كۆبوونەوە.

پێشتر وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، لیستێك كە لە ناوی زیاتر لە ١٣ هەزار و ٢٠٠ خاوەن پێداویستیی تایبەت پێكهاتوون، بەمەبەستی هاوتاكردنی موچەكانیان رەوانەی بەغداد كران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، وەرگرتنی قیستی پارالێڵ و ئێواران دوادەخرێت و بڕیارەكەش خوێندكارانی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا دەگرێتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە گشتاندنێکدا کە بە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا دەرچووە و ئاڕاستەی گشت زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە تیایدا هاتووە، بڕیاریاندا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پاراڵێڵ و ئێواران لە خوێندکارانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا کە بە پارالێل یاخود ئێواران لە زانکۆکان و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەت دەخوێنن.

ئاماژەی بەوەشکراوە، بڕیارەکە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و دۆخی دارایی خوێندکاران و داهاتی کەسوکار و خێزانەکانیان و دواکەوتنی موچەی موچەخۆران و شایستە داراییەکانیانە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت، پێویستە وەرگرتنی قیستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتوی ساڵی ئایندە، بەپێی خشتەیەکی رێکخراو کە رەچاوی بارودۆخی داهات و دارایی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش رایگەیاند، دوو تیرۆرستی داعشیان لە سنووری بانی مەقان دەستگیر کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەسەر بنەمای زانیاری و زانیاری هەواڵگری، شەوی ٢ـی ئەم مانگە، دوو تیرۆریستی داواکراویان دەستگیر کردووە، کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە داواکرابوو.

ئەوەش هاتووە، هەردوو تیرۆرستەکە بە ناوەکانی (م.ا.ح) و (ع.ا.ح) بە ماددەی ٤ ـی تیرۆر داواکراون لە دادگاکانی عێراق، کە لە رابردوودا چەکداری داعش بوون و بەشداری چەند کردەیەکی تیرۆریستان کردووە.

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو تیرۆرستە بە مەبەستی خۆحەشاردان روویان لە سنووری (بانی مەقان) کردبوو و دوای دەستگیرکردنیان، لە ئێستادا بە ماددەی چواری تیرۆر راگیراون.

لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق راگەیەنرا، لە ئێستادا دوای حەوت ساڵ و زیاتر، هێشتا ئەو گروپە بنبڕ نەبوون و لەو ناوچانەی نێوان عێراق و هەرێم کە بۆشایی ئەمنی هەیە، شانەی نووستوویان هەیە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
Advertisement
بەرنامەکان

ئابووری

هەمەڕەنگ

تەندروستی

فەرهەنگی