هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بە یەكێك لە ئاڵۆزترین پرۆسەكانی هەڵبژاردن دادەنرێت
یەحیا
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٧٥
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە نێوان كاندیدی كۆمارییەكان دۆناڵد ترەمپ و كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان لە 5 ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێدەچێت چەند ڕۆژێك پێویست بێت بۆ دەركەوتنی براوەی هەڵبژاردنەكە.
ئەو حەوت ویلایەتەی ئەگەری هەیە بڕیار لەسەر براوەی هەڵبژاردن بدەن، هەموویان ڕێگای تایبەتیان هەیە بۆ ژماردن، شیكردنەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ دەنگەكان، بە نمونە، هەر كاندیدێك 50+1ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە هەر ویلایەتێك بەدەستهێنا، تەواوی كورسی ویلایەتەكەی بۆ هەژمار دەكرێت.
هەندێك بۆ ماوەیەكی زۆرە دەنگەكانیان هەر لە سەرەتاوە بۆ یەكێك لە حزبەكان یەكلابووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حەوت ویلایەت كە دەنگەكانیان بە خۆڵەمێشی دادەنرێت و بۆ هیچ حزبێك یەكلانەبوونەتەوە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەدەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی تایمز، هەریەك لە ئیندیانا و كنتاكی یەكەم ویلایەتن كە سندوقەكانی دەنگدانیان لە سەعات 6 ی ئێوارە دادەخەن، بۆیە ژماردنی دەنگدانی پێشوەختە لەو دوو ویلایەتە كە زۆر لایەنگری ترەمپ دەكەن، دەبێت دوای ماوەیەكی كەم دەستپێبكات و یەكەم ئاماژە بێت بۆ ئەوەی سەرۆكی پێشوو تا چەند لایەنگرانی كۆكردۆتەوە.
حەوت ویلایەتی دیكە بنكەكانیان لە سەعات 7ی ئێوارە دادەخەن، بەڵام رەنگە مەیدانی كێبركێ گەرمەكەیان، جۆرجیا بێت، لە كارۆلینای باكووریش سەعات 7:30 بنكەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران دادەخرێن، لەكاتێكدا سەعات 8 ی شەو بەكاتی ڕۆژهەڵات زۆرێك لە ویلایەتەكان براوەی كاندیدەكانیان ڕادەگەیەنن.
هەرچەندە زۆربەی ئەم ئەنجامانە دەرەنجامی یەكلاكەرەوە دەبن، بەڵام جیاوازی سەركەوتن لە ویلایەتەكانی كۆماریی ڕەنگ سووری وەك كارۆلینای باشوور و ڕۆژئاوای ڤێرجینیا دەتوانێت ئاماژە بدات بۆ سەركەوتنی كاندیدەكان لە جۆرجیا و پەنسلڤانیای دراوسێ.
سەعاتێك دواتر، دەنگدانەكان لە دوایین ویلایەتە گرنگەكانی ئەریزۆنا و ویسكەنسن و مێشیگان دادەخرێن.
لە نیوە شەودا كاتێك هاوایی سندوقەكانی دەنگدان دادەخات و دوای سەعاتێكی تر لە ئالاسكا كە دوایین ویلایەتە، وێنەیەكی تەواوتری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەردەكەوێت.
دەسەڵاتدارانی پەنسلڤانیا كە لەلایەن زۆرێكەوە بە ویلایەتێك دادەنرێت كە بڕیار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەدات، هیوادارن بتوانن لە بەرەبەیانی رۆژی 6ی تشرینی دووەم براوەی هەڵبژاردنەكە ڕابگەیەنن.
كاتێك دەنگدەران دەچنە ناو بنكەی دەنگدان و دەنگەكانیان لەسەر كاغەز یان شاشەی لەمسی هەڵدەبژێرن، دەنگەكانیان بە ئەلیكترۆنی سكان دەكرێت و لە سندوقێكی پارێزراودا دادەنرێت، پاشان رەوانەی ناوەندەكانی پارێزگاكان دەكرێن بۆ ژماردنەوەیان.
نزیكەی 244 ملیۆن ئەمریكی مافی دەنگدانیان هەیە لە پێشبڕكێی سەرۆكایەتی ئەمساڵدا، ئەگەر ڕێژەی بەشداری دەنگدەران هاوشێوەی ساڵی 2020 بێت و بگاتە 67٪، ئەوا نزیكەی 162 ملیۆن دەنگ لە هەر 50 ویلایەتەكە دەدرێت، لەكاتێكدا دەیان ملیۆن كەس لە هەندێك ویلایەت دەتوانن ڕۆژێك پێش هەڵبژاردن بە پۆستە دەنگ بدەن.