لە مێژووی ئەمریكادا شەش سەرۆك دوو خولی لەسەریەكی سەرۆكایەتییان بەدەستهێناوە
کەژان
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٦٢
لە مێژووی ئەمریكادا چەند سەرۆكێك دوو خولی سەرۆكایەتییان بەدەستهێناوە، هەندێكیان دوو خول زیاتریشیان بینیوە.
شەش سەرۆك لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دوو خولی لەسەر یەكیان بەدەستهێناوە، تەنها یەك سەرۆك نەبێت كە دوو خول بووەتە سەرۆك بەڵام بەدوای یەكدا نەبوون.
ئەوەی نامۆیە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، فرانكلین ڕۆزڤێڵتە كە چوار خولی لەسەریەك سەرۆكایەتیی ئەمریكای كردوە لە ماوەی ساڵانی 1932، 1936، 1940 و 1944دا هەروەها ویلیام مەكینلی سەرۆكی كۆمارییەكان كە لە ساڵی 1901دا تیرۆركرا، لەكاتێكدا تەنها چەند مانگێك بوو ببووە سەرۆكی ئەو وڵاتە.
لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی ئەمجارەی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان هەوڵدەدات خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەمریكا بباتەوە، لەئەگەری سەركەوتنیشیدا دەچێتە لیستی ئەو سەرۆكانەی ئەمریكاوە كە دوو خولی سەرۆكایەتییان بەدەستهێناوە و لە مێژوودا دەبێتە دووەم سەرۆكی ئەو وڵاتە كە دوو خول دەبێتە سەرۆك بەڵام لەسەر یەك نا.
جۆرج واشنتۆن، یەكەم كەس بوو كە دوو خولی سەرۆكایەتی تەواوكرد لە ساڵانی 1789 و 1792 . دوای ئەو، تۆماس جێفرسۆن دووەم كەسە كە دوو خولی سەرۆكایەتی بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنەكانی ساڵانی 1800 و 1804.
هەروەها جەیمس مادیسۆن یەكێكە لەو سەرۆكانەی كە دوو خولی سەرۆكایەتی ئەمریكای بینیوە، لە ساڵانی 1808 و 1812دا. جەیمس مۆنرۆش لە ساڵی 1816 بووە سەرۆكی ئەمریكاو دواتریش لە هەڵبژاردنی 1820 بەهۆی ئەوەی خۆی تاكە كاندیدبوو توانی سەركەوتن بۆ خولی دووەم بەدەستبهێنێتەوە.
دوای دامەزراندنی پارتی دیموكرات، ئەندرۆ جاكسۆن لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1828دا خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا كاندیدكرد و بووە سەرۆكی ئەو وڵاتە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 1832 ش جاكسۆن بۆ خولی دووەم بەسەرۆك هەڵبژێردرا.
هەروەها یولیس ئێس گرانت یەكەم كەس بوو كە دوای شەڕی ناوخۆی ئەمریكا دوو ویلایەتی سەرۆكایەتی بەدەستهێنا، لە ساڵانی 1861 و 1865دا.
لە كاتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1884دا، كاندیدی دیموكراتەكان گرۆڤەر كلیڤلاند، شكستی بە ڕكابەرە كۆماریخوازیەكەی هێناو بووە سەرۆك، پاشان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1892 دا خولی دووەمی بەدەستهێنا.
لە دوای ئەوانیش باراك ئۆباما دێت كە دوو خولی لە سەر یەكی سەرۆكایەتی ئەمریكای بردۆتەوە لە ساڵانی 2008 بۆ 2012 .