توركیا سێ سەرۆك شارەوانی كوردی لە باكوری كوردستان دورخستەوە
شنیار
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨٤
دوای ٤ رۆژ لە دورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكی كوردی سەر بە جەهەپەو دانانی قەیوم لە شوێنی، وەزارەتی ناوخۆی توركیا سێ سەرۆك شارەوانی كوردی لە باكوری كوردستان لە پۆستەكانیان دورخستەوە و سێ كەسی وەكو قەیوم خستە شوێنەكانیان.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەریەك لە ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین و گولستان سۆنۆك سەرۆك شارەوانی ئێلیهـ و محەمەد قەرەیلان سەرۆكی شارەوانیی خەلفەتی لە روهای باكوری كوردستان دورخراونەتەوە و قەیوم لە شوێنیان دانراوە.
وەزارەتەكە هۆكاری دورخستنەوەی ئەو سەرۆك شارەوانیانەی بۆ پەیوەندیان بە پەكەكەوە گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، هۆكاری دورخستنەوەی ئەحمەد تورك سەرۆكی شارەوانی مێردین ئەوەیە كە سزای ١٠ ساڵ زیندانیكردنی بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە پەكەكە" لە دۆسیەی كۆبانێ هەیە، سەرباری دۆسیەیەكی دیكەی هاوشێوە لە دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرە و سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی مێردین ، كە لێكۆڵینەوەكان هێشتا بەردەوامن.
دەشڵێت، هەروەها گوڵستان سۆنوك، هاوسەرۆكی شارەوانیی ئێلیهـ، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیكردنی لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەكانی ئێلیهـ بۆدەركراوە بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە پەكەكە" ، محەمەد قەرەیڵان، هاوسەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی خەلفەتیش، بەهەمان تۆمەت سزای شەش ساڵ و سێ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانیكردنی لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەكانی دیلۆكەوە بۆ دەركراوە.
بەپێی بریارەكەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، لە شوێنی "ئەحمەد تورك" سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین، "ونجای ئاككۆیون" پارێزگاری مێردین دانراوە، لە شوێنی "گولستان سۆنۆك" سەرۆك شارەوانی ئێلێه " "ئەكرەم جانئاڵپ" پارێزگاری ئێلێه دانراوە، لە شوێنی "محەمەد قەرەیلان"ی سەرۆكی شارەوانی خەلفەتی روهای باكوری كوردستانیش ، "هاكان باش ئۆغلۆ" قائیمقامی خەلفەتی دانراوە .
دوای بریاری دورخستنەوەی ئەو سەرۆك شارەوانیانە ، پۆلیس گەمارۆی بینای ئەو شارەوانیانەی داوە و رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر ، لە یەكەم بریاریشیدا ، "ئەكرەم جانئاڵپ" كە وەك قەیوم لە شوێنی سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین دانراوە ، هەموو جۆرە گردبونەوە و خۆپیشاندانێكی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ قەدەغەكردووە .
ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین سەبارەت بە بریارەكە لە تۆری كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی ، هیچ كات دەستبەرداری خەباتی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی نابن و بەردەوامیی بە بەرخۆدان دەدەن و هەنگاو بۆ دواوە نانێن ، دەشڵێت رێگە نادەن دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا بگیرێت.
لای خۆیەوە، پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان "دەمپارتی" لە راگەیەنراوێكدا لابردنی ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی بە كودەتا ناوبرد و دەڵێت هەوڵەكانی زیندوكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەناو دەبات.
جەختیشیكردووەتەوە، ئەو هەنگاوە پێشتر تاقیكراوەتەوە و شكستی هێناوە و هەرگیز مل كەچ ناكەن و لەخەباتی خۆیان بەردەوام دەبن.
ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی دورخراونەتەوە و قەیومیان بۆ دانراوە لەلایەن دەم پارتیەوە بەڕێوەدەبرێن و لەدوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكان سەركەوتنیان بەدەستهێنا، بریاری دورخستنەوەشیان چوار رۆژ دوای بریاری دورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانی ئەسەنیوتی ئیستەنبوڵ دێت كە ئەویش كوردە و سەر بە جەهەپەیە .