حەوت ئاڵنگاریی چاوەڕوانی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەكەن
کەژان
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨٦
لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا، زۆرینەی جیهان بیر لەوە دەكەنەوە كە چۆن دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و كۆنگرێس دەتوانن دیمەنی سیاسەتی گشتی ئەو وڵاتە بگۆڕن و كاریگەرییان لەسەر ئەمریكا و دەرەوەی ئەو وڵاتەش هەبێت.
لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا، زۆرێك لە كێشەكان بۆ سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە جێدەهێڵێرێت كە بەپێی گرنگیان جیاوازن، بەڵام ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە ئەمجارە حەوت ئاڵنگاری زۆر گرنگ چاوەرێی دەكات لە بوارە جیاوازەكاندا كە ئەوانیش خۆیان لە بوارەكانی ئابوری تەكنەلۆژیا و باج و سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ژینگەییەكان دەبینێتەوە.
تەكنەلۆژیا بە تایبەتی زیرەكی دەستكرد (AI) تا ئێستاش پرسێكی گرنگە لە واشنتۆن و هەر واش دەمێنێتەوە بۆ ئیدارەی نوێ كە هێشتا چارەسەری كۆتایی بۆ نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی سەكۆیەكی پارێزراو متمانەپێكراو بێت بۆ هەموان.
هەروەها ئابوری ئاڵنگارییەكی دیكەیە، لە كاتێكدا قەبارەی ئەو دەسەڵاتە ئابوورییەی كە ئەمریكا خاوەنییەتی، حاشا هەڵنەگرە، بەڵام هەر كەمبوونەوەیەك یان لەرزینێك لە قەبارەی ئەو دەسەڵاتەدا ڕەنگە كاردانەوەی زۆری لەسەر ئابووری جیهانی و تەنانەت زیاتریش هەبێت چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، لەسەر ئاستی جیهانیش واشنتۆن ڕووبەڕووی دابەزینێكی بەرچاوی ئابوری بۆتەوە ئەوەش وادەكات كارەكانی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا قورستربكات.
یەكێكی دیكە لەو كێشانە، باجە، كە هاوسەنگی هێز لە كۆنگرێس چارەنووسی یاسای كەمكردنەوەی باج و پرسەكانی دیكەی چاكسازی لە باجدا دیاری دەكات. ئەوەش وادەكات ئەو كێشەیە هەر بەردەوامبێت.
ژینگەش بابەتێكی دیكەی گرنگە بۆ سەرۆكی داهاتوو، كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەتوانێت پرسی ژینگەی بە شێوەیەكی بەرچاو بگۆڕێت. چونكە هەر كانیدەو جۆرێك لە بیركردنەوەیان هەیە بەرانبەر بەو پرسە.
هێزی كاری ناوخۆ كە بابەتێكی زۆر گرنگە لە ئەجێندای هەر سەرۆكێك و وەك كێشەیەكی بۆ ماوەیی بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دەمێنێتەوە، بۆ ئەمجارەش هاریس و ترەمپ هەردووكیان خۆیان وەك پاڵەوانی كرێكاران و چینی كرێكار پیشانداوە بەڵام تا ئێستا روون نییە چۆن چارەسەری ئەو كێشەیە دەكەن.
پەیوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتیش وڵاتی چین كە چۆن لەو رێگایەوە بازرگانی جیهان و نرخی نەوت و زۆر بابەتی دیكەش رێكبخنەوە یەكێكە لە هەرە كێشە گەورەكان كە رووبەرووی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دەبێتەوە.
ئەوەی كە قورسترینە بۆ سەرۆكی داهاتوو رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جەنگی ئیسرائیل و غەززەو لوبنانە، لەگەڵ جەنگی ئۆكراین روسیا و رەوشی ئەوروپا كە زۆر قورسە بتوانرێت بە كەمترین ماوە و زیان كۆتاییان پێبهێنرێت.