ترەمپ و ھاریس بەڵێنی کۆتاییھێنان بە جەنگەکان دەدەن
یەحیا
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٢٧٥
کێ دەتوانێت کۆتایی بە شەڕەکان بھێنێت؟ ترەمپ یان ھاریس، ئەمە ئەو پرسەیە کە بەرۆکی کاندیدانی سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتووە، بۆ ھەڵبژاردنێک کە تەنھا ھەفتەیەکی ماوە.
ھەردوو کاندیدی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، دۆناڵد ترەمپی کۆمارییەکان و کامالا ھاریسی دیموکراتەکان، ڕۆژی شەممە ھەوڵیاندا دەنگدەرانی عەرەب و موسڵمان لە ویلایەتە چارەنووسسازەکەی مەشیگان سەربخەن.
ژمارەی موسڵمانان لە ئەمەریکا سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەسە، بەڵام دەنگی عەرەب و موسڵمانان کە نزیکەی لەسەدا یەک لە کۆی دەنگدەرانی ئەمریکا پێکدەھێنن، دەتوانن ئەنجامەکان لە ھەندێک ویلایەت یەکلایی بکەنەوە.
بەھۆی بەردەوامی شەڕی غەززە و لوبنان، دۆخی توڕەیی لەنێو پێکھاتە ئەمریکییەکان کە بەڕەچەڵەک عەرەب و موسڵمانن، زاڵە.
ترەمپ لە وتارێکدا لەبەردەم لایەنگرانی لە دەرەوەی شاری دیترۆیت ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمەڵێک ئیمامی مزگەوتەکان کۆبووەتەوە و بەڵێنی پێداون کۆتایی بە ململانێکان دەھێنێت و ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دێنێت.
کلینت کێستۆ نوێنەری پێشووی کۆمارییەکان لە ویلایەتی مەشیگان لە چاوپێکەوتنێکدا پێیوایە ئەدای بایدن و ھاریس ناڕەزایی دەنگدەرانی ئەو ویلایەتەی لێکەوتوەتەوە، بەتایبەتی عەرەبە بە ڕەچەڵەک فەلەستینی و لوبنانییەکان.
کێستۆ جەختی لەوەش کردوەتەوە، کە دەنگدەران، ترەمپ بە بژاردەیەکی باشتر دەبینن بۆ رێگریکردن لە سەرھەڵدانی شەڕەکان لە داھاتوودا، بەوپێیەی لە سەردەمی ترەمپدا ناوچەکە شاھیدی ململانێکان لەم ئاستەدا نەبووە.
کێستۆ پێیوایە موسڵمانان و عەرەبەکان ھیوایان لەسەر ترەمپ ھەڵچنیوە بۆ رێگریکردن لەو ململانێ چەکداریانەی کە دەیبینین، ھەروەھا چاویان لە ستراتیژێکی داھاتووە کە ترەمپ بتوانێت بەکاری بھێنێت.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، پۆڵ شتراوس سیناتۆری دیموکراتەکان دەڵێت، ناتوانرێت گوێ لە قسەکانی ترەمپ بگیرێت، چونکە زۆربەی ئەوەی کە دەیڵێت ھەڵەیە، لە ھەمانکاتیشدا کۆچبەران بەگشتی تۆمەتبار دەکات.
شتراوس پێیوایە ترەمپ بەڵێنەکانی لەسەر رێبازی ھێز دادەنێت نەک دیپلۆماسی، ئەمەش رەنگە ئاڵۆزی ململانێ جیھانییەکان زیاتر بکات، وەک خۆی دەڵێت، ترەمپ کۆتایی بە شەڕەکان دەھێنێت، بەڵام ئەنجامەکەی وێرانکەر دەبێت بە تایبەت شەڕی ئۆکراین.
بەوتەی شتراوس، ھاریس سەرنجی لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە بە بەکارھێنانی دیپلۆماسی و کارکردن لەگەڵ ھاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە دیموکراتەکان پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەن وەک رێگایەکی پێویست بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان.
سەبارەت بەو ناوچانەی کە لە پێشینەی کارەکانیان دادەنرێت، کێستۆ پێی وایە ترەمپ ھەوڵەکانی لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا چڕدەکاتەوە لە رێگەی پرەنسیپی ھێز و دانوستانی توندەوە.
لە بەرامبەردا شتراوس پێیوایە ھاریس ئەولەویەتێکی زیاتر دەدات بە چارەسەرکردنی ململانێکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی چارەسەری درێژخایەنەوە کە بریتین لە پشتیوانیکردنی مافەکانی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئەمە جگە لە بەھێزکردنی ھاوپەیمانێتییە ئەوروپییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئۆکراینا.
لە زۆربەی راپرسییەکاندا دەنگدەرانی عەرەب لە ئەمریکا ناڕەزایی خۆیان لە دیموکراتەکان دەربڕیوە بەھۆی سیاسەتەکانی پارتەکەوە کە پاڵپشتی توندی لە ئیسرائیل دەکەن.