حەسەن نەسروڵا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکانی عێراق
کوردسات نیوز
٩ی شوباتی ٢٠٢٢
٨٨٨
"حەسەن نەسروڵا" لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، حزبوڵا دەتوانێت ڕۆڵی ھەبێت لە نزیک کردنەوەی بیروڕاکان لە یەکتر و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە عێراق، چونکە "حزبوڵا" پەیوەندییەکی کۆن و ھاوڕێیانەی لەگەڵ زۆرینەی ھێزە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان و مەرجەعەکانی عێراق ھەیە.
نەسروڵا دەشلێت، وەک چۆن چەندین جار داوایان لێکراوە ھاوکار بن بۆ لێک نزیککردنەوەی بیر و بۆچوونەکان و یەک گوتاری لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراق، بۆ ئێستاش دەتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن و ڕۆڵیشیان تەنھا لەو چوارچێوەیەدا دەبێت.
"نەسروڵا" جگە لەوەی ئەمینداری ھێزێکی کاریگەرە لە لوبنان، لە عێراقیش قسەکانی بە ھەند وەردەگرێت و خزمایەتی لەگەڵ "موقتەدا سەدر" ھەیە و بێجگە لەوە ھاوڕێیەتیشی لەگەڵی ھەیە.
لەلایەکی ترەوە حەسەن نەسروڵا پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە ھەیە بە تایبەتی سەرکردە دیارەکانی حشدی شەعبی کە وەلائیان بۆ ئێران ھەیە، وەک ھادی عامری و قەیس خەزعەلی.
مانگی ڕابردوو نەسروڵا و سەدر باسیان لە حکومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق کردووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا نەسڕوڵا ڕۆڵی ھەبووە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و لە ئیستاشدا دەوترێت، ڕەنگە نەسروڵا تاکە کەس بێت بتوانێت سەدر و مالیکی لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە و عێراق لە و چەقبەستوویەی تێی کەوتووە ڕزگار بکات.