نوری مالکی لە چاوپێککەوتنێکدا رەخنەی لە خۆپیشانداکانی عێراق گرتوو و ڕایگەیاندووە، بەشێک لە خۆپیشاندانەکان ئەجێندای سیاسی ھەبووە و جۆرێک بووە لە کارکردن یان بانگەشە بۆ ھەڵبژاردن، وتیشی، دەبێت حزبە سیاسییەکان بەرپرسیارێتییەکە ھەڵبگرن، ئەگەر داواکاری شەقام نەھاتەدی.
مالکی رەتیکردەوە، لە سەردانەکەی (محەمەد جەواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغداد و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای، قسە لەسەر میکانزم و پرسی ھەڵبژاردن کرابێت.
وتیشی، ئەرکی لە پێشینەی (کازمی) کۆنترۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی عێراقە پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، دەوڵەتی یاساش لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە، لە پارێزگاگانی ناوەڕاست، دیاردەی ھەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا گەیشتووەتە ٩٠٪ .
نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا لە نامەیەکدا بۆ (مستەفا کازمی)،ھۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەمپی ھۆل و دەڵێت، ناتوانن ھیچ گەرەنتییەکی ئەمنی بدەن بۆ گەڕانەوەی (ژن و منداڵ)ە کانی داعش، ڕاشیگەیاندووە، ئەو بڕیارە کێشەی گەورەی ئەمنی و کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە و خەڵکی موسڵ رازی نابن بە دروستکردنی کەمپێک لەو سنورە بۆ ئەو ئاوارانەی لە کەمپی ھۆل دەگەڕێنرێنەوە.
لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانیش لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکردووە، بەغداد و دیمەشق، ھەماھەنگییەکانیان دەستپێکردووە بۆ داخستنی کەمپی ھۆڵ و گەڕاندنەوەی (١٠) ھەزار داعش و خێزانەکانیان بۆ ناو عێراق.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەری بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ، کە بڕیارە لە (١٢)ی ئەم مانگەوە لە سەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت، گەشتە ئاسمانییەکان ناگرێتەوە و گەشتی ھاتن و چون ئەنجام دەدرێت.
ڕاشیگەیاندووە، بە نوسراوێکی ڕەسمی داوا لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان کراوە، چاوپۆشی لە ھاتوچۆی (ھاتن و ڕۆیشتن)ی گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە بکرێت.
دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی ڕێگرە لە بڕیاری گەڕاندنەوەی (٣٠) ھەزار چەکدار بۆ ناو ڕیزەکانیان کە پێشتر گرێبەستەکانیان ھەڵوەشاوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، سەرباری جێگیرکردنی بڕگەیەک لەناو یاسای بودجە، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو چەکدارانە لەسەر میلاکی دەستەی حەشدی شەعبی دابمەزرێنەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی ڕێگرە.
سەرچاوەیەکیش لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکردووە، ئەو چەکدارانە بە ڕەسمی تۆمارنەکراون و پێشتر لە سوریا پاڵپشتی (سوپای ئەسەد)یان کردووە.
محەمەد شەبەکی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: پاش دیراسەکردنی لەلایەن ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، بڕی قەرزکردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ دیاریکراوە.
وتیشی: ھەرچەندە چەند کوتەلەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران دژی بڕیارەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە، عێراق لە ئێستادا پێویستی بەو جۆرە قەرزانە ھەیە.
پێشتریش، ھەیسەم جبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕایگەیاندبوو: کۆی قەرزە دەرەکییەکان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا وەک ڕێژە زیاتر لە ٢ ملیار دۆلارە، بەڵام لە بنەڕەتدا قەرزەکە نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلارە، قەرزی ناوخۆییش لە ٥ ترلیۆن دینار تێناپەڕێت.
باڵیۆزخانەی چین لە بەغداد، ڕایگەیاند: ڕێگە بە کارمەندانی دوو کۆمپانیای چینی لە عێراق نادرێت سەردانی وڵاتەکەیان بکەن، پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ١٤ کارمەند لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ چین، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوون. ڕۆژی ھەینیش، دەستەی فڕۆکەوانی چینی، بۆ ماوەی دوو ھەفتە، گەشتە ئاسمانییەکانی لە بەغدادەوە بۆ شاری گوانزۆ، ڕاگرت.
دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، حکومەتی چین سەرجەم ڕێوشوێن و ڕێکارە توندەکانی تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە ھەڵگرت و بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغیش گەشتە ئاسمانییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە ئاسایی کردەوە.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پشتبەستوو بە زانیاری ھەواڵگری و بەسەرپەرشتی و رێنمایی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، ھێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە راوەدونانی پاشماوەکانی داعش و گروپە چەکدارە نایاساییەکان لە عێراقدا.
رونیشیکردەوە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە توندی کاردانەوەیان لەبەرامبەر ھێرش و پەلاماری گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان دەبێت.
وتیشی، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبێت بەمەبەستی ئاشکراکردنی ئەو گروپانەی بنکە سەربازییەکانی عێراق دەکەنە ئامانج.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکردوە، دوای ئەوەی پۆستەرێک لەبەردەم مەزارگەی ئەبو حەنیفە نوعمان لە ناوچەی ئەعزەمیەی بەغداد ھەڵواسراوە کە وێنەی رابەرانی ئێران رۆحەڵا خومێنی و عەلی خامنەیی و قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسی لەسەر بوە، مستەفا کازمی فەرمانی کردوە ئەو پۆستەرە لاببرێت، لەدوای فەرمانەکەی کازمیش دەستبەجێ ئەو پۆستەرە لێکراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئاشکرا نیە کێ ئەو پۆستەرەی لەو ناوچەیەدا داناوە کە زۆرینەیان سوننەن .
وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەبارەت بە تاقیکردنەوەی قۆناغەکانی خوێندن رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریداوە، تاقیکردنەوەی ھەموو قۆناغەکانی خوێندن لە عێراق بە شێوازی ئامادەبون لە ناو پۆل ئەنجام دەدرێن، نەک بە شێوەی ئۆنلاین.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە ھیچ پلانێکی نییە بۆ ھەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی خوێندکاران بەشێوەی ئۆنلاین.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٦ ھەزار و ٢٣٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٣٣ کەسی تریش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە و ٧ ھەزار و ٩٣ تووشبووش چاکبوونەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای سەرھەڵدانی تا ئێستا، ملیۆنێک و ٩٨ ھەزار و ١٨٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٩٨٦ ھەزار و ١٣٤ کەسیش چاکبوونەتەوە و ١٥ ھەزار و ٦٧٣ تووشبووش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە.
ئاژانسی سانای ڕەسمی حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد لە دیمەشق چاوی کەوتووە بە "فالح فەیاز" سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە فەیاز نامەیەکی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشکەشی ئەسەد کردووە.
ئاماژەی بەوەکرد، نامەکە تایبەت بووە بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی بەغداد و دیمەشق و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانیان، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی مۆڵگە تیرۆرستییەکان لە سنوورەکانی نێوانیان.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی ڕژێمی بەعس لە ئیتاڵیا دەکەن، کە بە زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
پێشتریش "سەفیە سوھەیل" باڵیۆزی عێراق لە ڕۆما ئاشکرایکرد، عێراق بە ڕەسمی داوای لە حکومەتی ئیتاڵیا کردووە، پارە بلۆککراوەکانی عێراق لە بانکەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکات و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیاش دڵنیاییداوە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.