ھاوشێوەی ھەینییەکانی رابردوو، بڕیارە ئەمڕۆش لە گۆڕەپانی ئاھەنگەکان لە بەغداد نوێژی ھەینی یەکگرتوو بەڕێوەبچێت کە زۆرینەیان لایەنی رەوتی سەدرن و دوای نوێژی ھەینیش لەسەر خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام دەبن.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی بەغدادیش رایگەیاندووە، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامداوە و پلانێکی تۆکمەیان داڕشتووە بە مەبەستی پاراستنی نوێژی ھەینی یەکگرتوو و خۆپیشاندەران.
بەپێی لێدوان و زانیاری چەند سەرکردە و پەرلەمانتارێکی رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، بڕیارە ئەمڕۆ دوای نوێژی ھەینی، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لەچوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کۆببنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا گفتوگۆ دەکەن لەسەر رەوشی سیاسی ئێستای عێراق و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ کێشە و ئاڵۆزییەکان.
کۆبوونەوەکە لەدوای ئەوە دێت کە ھادی عامری پشتیووانی خۆی بۆ داواکارییەکەی سەدر دەربڕی کە داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، نە چوارچێوەی ھەماھەنگی و نە ھیچ لایەنێکی دیکەی عێراق بەھەموو ئەوانەشەوە کە لەدەرەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگین، نە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختیان داوە، نە داوای لەو جۆرەشیان پێشکەشکردووە، بەڵکو تەنھا موقتەدا سەدر ئەو بابەتەی وروژاندووە وەک لایەنێکی سیاسیش مافی خۆیەتی ئەو داوایەی ھەبێت.
وتیشی، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لە رێگەچارەکان بۆ کێشە و ئاڵۆزییەکان، بەڵام پێویستە سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان رازی بن لەسەر ئەو ھەنگاوە و پێویستە کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش لەبەرچاوبگیرێت، چونکە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە.
جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە حەنانە لە نەجەف و لەلایەن موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پێشوازی لێکرا.
ئامانجی سەردانەکەی پلاسخارت و کۆبونەوەی لەگەڵ سەدر، بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراق و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو.
لە دوای کۆبوونەوەکەش جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگان لەگەڵ موقتەدا سەدر ئەنجامدا و سەدر باسیان لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێک کرد بۆ قەیرانی سیاسی عێراق.
رەسوڵ رازی سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و پەرلەمانتاری پێشوتر رایگەیاند، چونە ناوچەی سەوز و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە و مانەوە تیایدا بۆ چەند رۆژێک پرسیار و گومانی زۆر ھەڵدەگرێت، چونکە پێشتر دەیان جار خۆپیشاندەران ھەوڵیانداوە بچنە ناو ناوچەی سەوز، بەڵام بەفەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران رێگرییان لێکراوە و خۆپیشاندەران نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.
وتیشی، ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا رویدا کە خۆپیشاندەران توانیان بەربەستە کۆنکرێتیەکان لابەرن و بچنە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ناوچەی سەوز، خودی کازمی لە پشتێتی، چونکە دەیتوانی وەک پێشتر رێگرییان لێبکات، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی گڵۆپی سەوزی لەناوخۆ و دەرەوە بۆ ھەڵکراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، ھیچ رێگرییەکی لە خۆپیشاندەران نەکرد.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەری گەلی عێراقە و ئەوانەشی خۆپیشاندان دەکەن بەشێکن لە ویژدان و قەوارەی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە ناکرێت ئیرادەی خۆپیشاندەران بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت پشتگوێ بخرێت.
راشیگەیاند، پشتیوانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن بەڵام بەجۆرێک کە بە پێی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان بێت و رێککەوتنی لەسەر بکرێت و لە ماوەیەکی دیاریکراو و بە پێی دەستوور بێت و پێشوەخت لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکاندا بگونجێت.
کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و ھەناردەکردنیدا توانایان زۆر لەئێستا زیاترە، بەڵام بەھۆی پابەندبون بە رێنمایی و بڕیار و رێکەوتنەکانی ئۆپیک و دابەزینی بەھای نەوت، ھەنگاوی زیاتریان بۆ زیادکردنی ھەناردە و بەرھەمھێنانی نەوت نەناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند ساڵی داھاتودا عێراق بە ھاوکاری کۆمپانیا جیھانیەکان دەبێتە یەکێک لە باشترین وڵاتانی بەرھەمێنەر و ھەناردەکاری نەوت لەسەر ئاستی جیھان، جەختیشیکردەوە، قەیرانی ئابوری لە عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەھۆی دابەزینی بەھای نەوت دروستبوو، ھۆکاری سەرەکی بوو بۆ پەکخستنی پلانی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت.
"ئەحمەد ئەسەدی" سەرۆکی گردبوونەوەی سەنەدی نیشتمانی کە ھاوکات وتەبێژی حەشدی شەعبییە ڕاگەیاند، لێرە و لەوێ گوێبیستی داواکاری ھەڵوەشانەوە یان یەکخستنەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەبین لەگەڵ ھێزە ئەمییەکان، بەڵام ئەوانە بێئاگان لەوەی حەشدی شەعبی سەرە ڕمی سیستمی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقە و جێگەی شانازییە بۆ ھەموو گەلی عێراق.
ئەسەدی باسی لەوەشکردووە، ڕەنگە لایەنەکان لەسەر سیاسەت و شێوازی کارکردن ناکۆکبن، بەڵام ھەموان پاڵپشتی حەشدی شەعبی دەکەن دژی ھەر پیلانگێڕییەک.
وتەکانی ئەسەدی دوای ئەوە دێت بزووتنەوەی ئیمتیداد لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ڕێکخستنەوە و توانەوەی حەشدی شەعبی کردووە لەناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق.
سەدر دەشڵێت، یەکریزی لە ئێستادا زۆر گرنگە ئەگەر بێتوو لەسەر بنەمای خۆشەویستی نیشتمانی و دوورکەوتنەوە بێت لە پاشکۆیەتی و گەندەڵی، دووپاتیشیدەکاتەوە، ئەوان لەگەڵ ئەو گروپەدان کە داوای یەکڕیزی لەسەر بنەما و پێوەری عەقڵی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانی دەکەن، ئەوەش لەلایەن گەل و مەرجەعیەتەوە لێیان داواکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆستەکانیان لە حەشدی شەعبی لە سەر ھیچیەک لە گروپی رەوتی سەدر و گروپی چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەژمار ناکرێن و پشتیوانی قسەکانی دەکەن کە داوای یەکریزِی دەکات.
موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، لە پێناو وڵات قوربانیان داوە و بە تەواوەتی ئامادەن بەرگری لە چاکسازی بکەن، ئەوان لە ژێر ئاڵای بنەماڵەی سەدر، سەربازی عێراق و جەنگاوەرن لەدژی داگیرکەر و پاشکۆیەتی قبوڵناکەن، لەگەڵ رزگارکەر و چاکسازیشدان.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ٣٠٠ سەرباز لە یەکەی تۆپھاوێژی ١٦٣ لە سەربازگەی ئیڤانسڤیل رەوانەی عێراق دەکرێن کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ ەوە یەکەمجارە ھێزەکانی گاردی نیشتمانی ئەمریکا روو لە عێراق دەکەنەوە.
فەرماندە سەربازییەکان رایانگەیاندوە، سەربازەکان چەند مانگێکە سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەیان لە عێراق مەشق و راھێنان دەکەن، بەڵام ماوەی مانەوە و شوێنی جێگیربوونیان بەھۆکاری ئەمنی ئاشکرا نەکردووە.
ھادی سەلامی ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لیژنەکەیان لەبارەی بوونی گەندەڵی لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراک رێکارەکانی لێپرسینەوەی لە وەزیری بازرگانی تەواو کردوە و چاوەڕێن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وادەی لێپرسینەوەکە دیاری بکات، وتیشی، قەبارەی گەندەڵی لە گرێبەستی پڕۆژەی سەبەتەی خۆراک لە ھەردوو مانگێکدا دەگاتە ٢٢٠ ملیار دینار.
سەبارەت بە کەشوھەوای ئەمڕۆش کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، پلەی گەرما بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار دەکات و لە ھەشت پارێزگا، دەگاتە ٥٠ پلەی سلیزی کە پارێزگاکانی دیالە و ئەنبار و بەغداد و کەربەلا و بابل و واست و نەجەف و قادسیە دەگرێتەوە.
دەستەی کەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژی پێنجشەممەش بەھەمان شێوە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە و لە ناوچەکانی باکور لە ھەندێک شوێن ئاسمان نیمچە ھەوردەبێت و پلەکانی گەرماش وەک ڕۆژانی ڕابردوو دەبێت.
ھەر بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، ڕۆژانی پێنجشەممە و یەکشەممە و دووشەممەی داھاتووی کردە پشووی فەرمی.
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی وڵاتەکە پێویستی بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی گشتگیر ھەیە، کە لە ھەموو دانوستان و گفتوگۆکانی پێشوو جیاوازبێت و تەواوی ھێزە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی بەشداری تێدا بکەن.
پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پشتیوانی دەستپێشخەرییەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەپێی دەستور.
راشیانگەیاندووە، ھەوڵدەدەن گۆڕانکاری لەچەند بڕگەیەکی دەستور بکەن کە بەربەستن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی سیاسی.
ئاماژەشیان بەوەشداوە کە دەبێت گۆڕانکارییەکان لە ئاست داواکاری خەڵک بێت و پشک پشکێنە رەتبکرێتەوە و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت.
موسەوی لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، نێوەندگیری دەرەکی و ناوخۆیی ھەیە بۆ ھێورکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر. وتیشی، چوارچێوە رەتیکردووەتەوە شەقام تێکەڵ بە ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێت.
ئەحمەد موسەوی وتیشی، لایەنی سیاسی ھەیە کە دەیەوێت لەڕێی ھێزەوە خۆی بسەپێنێت، بەڵام دەرگای چوارچێوەی ھەماھەنگی کراوەیە بەڕووی ھەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵ دانوستان و لێکتێگەیشتندان، چونکە ھیچ رێگەچارەیەک نییە جگە لە دانوستان و ھەنگاونان بەرەو پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ.