راشیگەیاندوە، پشکنینەکان ھاوتاکراون لەگەڵ کەسوکار و خێزانی شەھیدەکان و بەڵگەنامەی مردنیان بۆ دەرکراون و لە رێوڕەسمێکدا بە شێوازیی سەربازی بەخاکدەسپێردرێن.
تاوانی سپایکەر لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ روویدا، لە کاتێکدا نزیکەی دوو ھەزار و ٢٠٠ سەربازی عێراق بە دیلی کەوتنە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، لە نزیک بنکەی سەربازی سپایکەر، گولـلەباران کران.
عارف حەمامی پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە سلێمانی یان ھەولێر ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا ھێشتا لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان لەناو ئەنجومەنەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٤٠ پەرلەمانتار داوایەکیان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، بۆ ئەوەی پەرلەمان لە پارێزگایەکی ئارام و دوور لە ئاژاوە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.
حەمامی راشیگەیاندووە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەرگایان کرایەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەموو لایەنەکان.
سەرچاوەیەکی باڵای رەوتی سەدر لە حەنانە کە شوێنی مانەوەی موقتەدا سەدرە رایگەیاندوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و ئارمی و سەقامگیری و یەکڕیزی عێراقییەکان و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە گەندەڵکاران.
وتیشی، تائێستا ھیچ ئەگەرێک بۆ کۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدر و ھادی عامری نییە کە لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە سەرپشککراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەدر، جەختیشیکردەوە، مەرجی سەرەکییان بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەدر و عامری ئەوەیە راستەوخۆ کۆبوونەوەکە لەلایەن میدیاکانەوە بگوازرێتەوە بۆئەوەی سەرجەم عێراقییەکان ئاگاداری ناوەڕۆک و گفتوگۆی ناو کۆبوونەوەکە بن.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەو زنجیرە ھەوڵەی کە دراوە بۆ چاکککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی، ھێدی ھێدی دۆخی کارەبا بەرەو جێگیری دەچێت و ژمارەی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی زیاتر دەبێت.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەھۆی چاککردنەوەی دوو یەکەی بەرھەمھێنانی کارەبای غازی لە پارێزگاکانی واست و سەڵاحەدین، چاوەڕواندەکرێت بڕی ١٢٠٠ میگاوات کارەبای دیکەی بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیادبکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەیەکە لە پارێزگاکانی باشور، ھێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو دەکرێنە ئامانج، ئەوەش ھەوڵەکانی وەزارەتەکەیانی پەکسختووە لە باشترکردنی ڕەوشی کارەبا، کە لەم وەرزەدا یەکێک لە پێویستییە ھەرە بنەڕەتییەکانی ژیانە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەفدێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ و عەبدولئەمیر شمەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوان سنور، سەردانی سنوری ھاوبەشی عێراق و سوریایان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانج لە سەردانەکە بۆ ئاگاداربوونە لە ڕەوشی ئەمنی سنورەکە و ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، بۆ پاراستنی سنوری ھاوبەشی ھەردوولا.
لە ماوەی ڕابردوودا سەرچاوە ئەمنییەکان ھۆشداریاندا لە مەترسی دزەکردنی شانە نوستووەکانی داعش لە ناوخۆی سوریاوە بۆ سنورەکانی عێراق.
گۆڤاری فۆڕبسی ئەمریکا ئاشکرایکرد، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری روسیا، گەمارۆکان و تێچوونەکانی جەنگی ئۆکراین، کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەوەی نەتوانێت، ھەلیکۆپتەری جەنگی بۆ عێراق دابین بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەمبوونەوەی ژمارەی ھەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی عێراق، کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر سوپای ئەو وڵاتە، چونگە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە کار و چالاکییە سەربازییەکانی خۆیدا بەکاری دەھێنێت.
سوپای عێراق یەکێکە لە سوپاکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشت دەبەستێت بە کەرەستەی سەبازیی روسیا.
"دیلان غەفور"ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە ٤١٨ بڕیاریداوە خانوە زیادەڕۆکانی شارەکانی عێراق تەملیک بکرێن، بەڵام لەلایەن دەستەی ھەماھەنگیی نێوان پارێزگاکان، داوا لە ئەنجومەنی وەزیران کراوە کەرکوک لەو بڕیارە بەدەربکرێت، وتیشی، ھیچ بیانویەک نییە بۆ بەدەرکردنی کەرکوک لەو بڕیارە و دەبێت ھاوشێوەی شارەکانی تر ئەو بڕیارە کەرکوکیش بگرێتەوە، چونکە ھیچ پاساوێک نییە بۆ دەرکردنی کەرکوک لەو بڕیارە.
جەختی لەوەشکردەوە، لەبەرژەوەندی خەڵکی شارەکە ھەموو رێکارێکی یاسایی و ھەموو جۆرە گوشارێک دەگرنەبەر، تا دەگاتە جوڵاندنی شەقام بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران.
دیلان غەفور راشیگەیاند، لە نزیکترین کاتدا بە نووسراوی رەسمی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەو پرسە ئاگادار دەکەنەوە.
وەزارەتی بەرگری عێراق تەواوکردنی قۆناغی دووەمی دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی لە سێگۆشەی سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا و تورکیا ڕایگەیاند.
لیوا سەعد مەعن بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، کارکردن بۆ دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی لەسێگۆشەی سنوری عێراق لەگەڵ تورکیا و سوریا بەردەوامە و بڕیارە ١٥ کیلۆمەتر لە سنورەکە دیواری کۆنکرێتی دروستبکرێت.
عێراق بە سەدان کیلۆمەتر سنوری ھاوبەشی لەگەڵ سوریا ھەیە، دانانی دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنورەکانی، بۆ ڕێگریکردنە لە دزەکردنی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو خاکی عێراق.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش گرنگییەکی زۆریان بەو کۆبوونەوەیە داوە و باسیان لەوە کردووە، عەمار حەکیم و محەمەد بن سەلمان پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و چۆنێتی زیاتر بە ھێزکردنی ئەو پەیوەندییانەیان تاوتوێ کردووە.
ئاماژەیان بەوشکردووە، ئامانجی سەردانەکەی عەممار حەکیم رازیکردنی لێپرسراوانی باڵای سعودیەیە بۆئەوەی نێوەندگیری لە نێوان نوری مالکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بکەن بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی ھێنان بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی عێراق.
ئاشکرابووە بانکەکە چەند جارێک مووچەی خانەنشینانی خستووەتە سەر سیستمی کۆمپانیایەک بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکە پارە زیادەکە بگەڕێنێتەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە دەستەی خانەنشینان لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە، ئەرکی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی دەرەوەی عێراقی داوە بە کۆمپانیایەکی تایبەت بە کارتی ئەلیکترۆنی، ھاوکات بانکی ناوەندیش پارەی ئەو کۆمپانیایەی بلۆک کردوە و توانیویەتی بیگەرێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند ، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری ورد و دوای ٩٠ ڕۆژ لەبەدواداچون ولێکۆڵینەوە ، ئەمرۆ ھێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی لە کەرکوک بە ھاوکاری و چاودێری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان، تۆڕێکی ھاوبەشی تیرۆریستیان دەستگیرکردوە کە چەندین سەرکردەی شانە نوستووەکانی داعشی لە خۆگرتوە و تێوەگلاون لەکوشتنی ئەندامانی حەشدی شەعبی و کەسایەتی ھۆزەکان و ژمارەیەک ئەفسەری سوپای عێراق لە ڕۆژئاوای کەرکوک.
ھەروەھا تێوەگلاون لە ھێنانی خۆکوژ لە دەرەوە بۆ ناوەوەی عێڕاق کە چالاکیەکانیان لە نێوان کەرکوک و بەغداد ئەنجامداوە .
بەپێی ھەواڵی میدیا عێراقییەکان، عامری و سەدر لە حەنانە رەوشی سیاسی عێراق و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی عامری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق تاوتوێ دەکەن.
بڕیاریشە عامری دوو پێشنیاز بخاتە بەردەم سەدر کە بریتین لە پێکھێنانی حکومەتی تەوافوقی یاخود کشانەوەی محەمەد شیاع سۆدانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو پێشنیازانەش بۆ ئەوەن کە سەدر رازی بکات لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت.
عامری چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدا و دوایین پێشھاتەکان و ئەگەری ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن و رێگەچارەکان بۆ رەوشی سیاسی عێراق تاوتوێکران.
عادل موختار ڕاوێژکاری لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە، بەھۆی نەھاتنی پشکی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە وشکەساڵی لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئەگەر باراننەبارێت ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە ببێتەوە.
بەوتەی ڕاوێژکاری لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەران، تورکیا ڕەتیکردووەتەوە لەسەر دۆسیەی ئاو دانووستان لەگەڵ حکومەتی مستەفا کازمی بکات، چونکە حکومەتێکی کاربەڕێکەرە ھەربۆیە دانووستانەکان بۆ حکومەتی داھاتوو دواخراوە.
بەھۆی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لە تورکیا بەشەئاوی عێراق زۆر کەمبووەتەوە. حکومەتی عێراقیش رایگەیاندووە، ئەگەر تورکیا بەنداوی جیزرە دروستبکات، بەردانەوەی بەشەئاوی عێراق بەرێژەی ٥٦% لەلایەن ئەو وڵاتەوە کەمدەبێتەوە.
ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی لەسەر داواکاری کازمی لایەنەکانی کۆکردەوە، ھیچ بڕیارێکی لە بەرژەوەندی گەل تێدانەبوو.
وتیشی، زۆرینەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تەنھا گرنگی بەمانەوەی پۆست و دەسەڵاتیان دەدەن و ھەوڵیاندا شۆڕش بچوک بکەنەوە و لە داواکارییە راستەقینەکان دووربکەونەوە.
وەزیرەکەی سەدر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەوان ئەو کۆبوونەوەیەیان بکردایە تۆمەتباردەکران بەوەی کە بە فشاری دەرەکی و ئەمریکا بووە، بۆیە گرنگی بەو کۆبوونەوە نھێنییە نادەن و داواشی کرد ھێندەی دیکە گەل نەترسێنن لە پڕۆسەی دیموکراتی.
ساڵح محەمەد عێراقی داوای لەو لایەنانەش کرد، ئەگەر دەیانەوێت کورسییە بەتاڵەکان پڕبکەنەوە، پێویستە دانیشتنێکی کراوە و راستەوخۆ لەبەردەم گەلدا بکەن، چونکە گەل ھیچ سودێک لە کۆبوونەوە نھێنی و داخراوەکان نابینێت و ھیچ نیەتێکی خێر لە گفتوگۆکان نەبووە و کۆبوونەوەکە شکستیھێناوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ٨٩٤ کەس تووشی کۆلێرا بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆلێراش لە کەرکوک تۆمارکراوە کە ٤٨٧ کەسن.
ھاوکات لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٩٩ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و ٥٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدانیش بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقارە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتەکەش رایگەیاندووە، ئامارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون زیادیکردووە و پێویستە ھۆشداری تەندروستی بەرز بکرێتەوە.