بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پەراوێزی سەردانەکەی وەفدی عێراق بۆ ئەمریکا، لە واشنتۆن لەگەڵ مەحمود محێدین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی نەختی نێودەوڵەتی کۆبوووەتەوە و تیایدا باس لە رێکارەکانی بانکی ناوندی و حکومەتی عێراق کراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو و چارەسەرکردنی کێشە دارایی و بانکییەکان، عەلی عەلاق جەختیکردوەتەوە، ھەموو رێکارانەی لە عێراق گیراونەتەبەر بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بووە، بەتایبەتیش رێگریکردن لەھاوکاری دارایی بۆ تیرۆریستان و سپیکردنەوەی پارە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی نەختی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە، لە ھەر بوارێکدا عێراق پێویستی بە ھاوکاری سندوقی نەختی نێودەوڵەتی ھەبێت بەتایبەتیش چارەسەرکردنی کێشە دارایی و بانکییەکانی، ئامادەن ھاوکاری بکەن.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کارنامەی ئێستای حکومەتی عێراق قبوڵکراوە و پێشوازی لێکراوە، جدیەتێک ھەیە بۆ جێبەجێکردنی.
وتیشی: لەبارەی ھەرێم و بەغداد پێموایە ناکۆکیی و ململانێ لاوەکییەکان ئەنجامی ئەرێنیان لێناکەوێتەوە، لەئێستادا پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغداد باشن و ھەوڵی پتەوکردنی دەدەین، کێشەش ھەیە و ھەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین، لە ئێستاشدا ھەرێم و بەغداد ئامادەن بۆ چارەسەری کێشەکان.
سەرۆک کۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، پێویستە لە سێ مانگی داھاتوودا پڕۆژە یاسای نەوت و گاز تەواو بکرێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ھەردوو حکومەتی ھەرێم و بەغداد و تەنانەت ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە جدییەوە کاردەکات بۆ چارەسەری کێشەکان.
نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامدا و ماتەمی و ھاوخەمی خۆی بۆ گەلی تورکیا و کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی چەند رۆژی رابردوو دەربڕی و ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.
ھەروەھا ھاودەنگیی حکومەت و گەلی عێراقی بۆ گەلی تورکیا دووپاتکردەوە لەو دۆخە کارەساتبارەی ھاتۆتەپێشەوە.
لە بەرامبەردا سەرۆک کۆماری تورکیا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆماری عێراق و گەلی عێراق کرد بۆ ھاوسۆزییان لەبەرامبەر کارەساتی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەی فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، ھەردوو وەزیر سەبارەت بە لایەنی ئابوری رێککەوتنی چوارچێوەی کاری ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکایان کۆبوونەتەوەو ئەنتۆنی بلینکن جەختی کردۆتەوە لەسەر گرنگی کارکردنی پێکەوەیی ھەردوو وڵات بۆ بەرەپێشبردنی ئابوری عێراق بەجۆرێک گۆڕانکاری لە ژیانی ئابوری خەڵکی وڵاتەکەدا دروست بکات .
ھەروەھا لە بواری کارەبا و وزە، بلینکن بە پێویستی زانی عێراق لە بواری وزەدا سەربەخۆ بێت، پشتیوانی وڵاتەکەشی لەو ڕوەوە دووپاتکردەوە.
لەبەرامبەردا فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی ھاوکاری و پشتیوانییەکانی ئەمریکای کرد لە جەنگی دژ بە داعش و جەختیکردەوە لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ بونیادنانەوەی ئابوری وڵات بە پشتیوانی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی .
دووپاتیشیکردەوە، عێراق پشتیوانی بە پاڵپشتی ئەمریکایە لە بوارە جیاوازەکاندا و ھەماھەنگییەکانیان پێکەوە بەردەوام دەبێت.
وەفدی باڵای عێراق کە پێکھاتوە لە وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و ژمارەیەک لێپرسراوی تر بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بەھای دینارو رێکارەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر عێراق گەیشتە واشنتۆن و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەنجامدا، دواتریش لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەفدی عێراق جگە لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی و وەزارەتی گەنجینە لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکاش کۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش پرسی بەھای دینار و رێکارەکانی وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدراڵی ئەمریکان کە بەرامبەر عێراق گرتوویانەتەبەر.
سەردانی وەفدی عێراق بۆ ئەمریکا تەواوکاری ئەو کۆبوونەوانەیە کە رۆژی پێنج شەممە و ھەینی رابردوو، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ براین نیلسۆن یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەنجامیدان.
خنوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ شێخ محەمەد زاید ئاڵ نھیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سودانی ئامادەیی حکومەتی عێراق دەربڕی بۆ ھاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا و بنیادنانی ئابووری ھاوبەشی نایاب کە سوودبگەیەنێت بە ھەردوو وڵات.
ھەروەھا سەرۆکی ئیمارات جەختیکردەوە کە میرنشینی یەکگرتووی ئیمارات خوازیارە پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ حکومەتی ئێستای عێراق ھەبێت، بۆ ھاریکاری زیاتر و بنیادنانی ئابوورییەکی بەھێز.
نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بڵاویکردەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ یەکێک لە ئەندامانی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بە بڕی ٧٥٠ ھەزار دۆلار لە بازرگانێک بە ھاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی خولی پێشوو، لەبەرامبەر ئەوەی باس لەو گەندەڵیانە نەکەن کە تایبەتە بە کۆمپانیکانی ئەو بازرگانەی بەرتیلەکەی پێداون.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری بانگھێشتکردن و دەستگیرکردن بۆ ئەو پەرلەمانتارە دەرچووە بە مەبەستی ھەڵگرتنی پارێزبەندی، بەھۆی یەکلانەبوونەوەی دۆسیەکەش ناوی پەرلەمانتارەکان و بازرگانەکەی ئاشکرانەکردووە.
لە ماوەی ٢٤ سەعاتیشدا ئەوە دووەمین پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بانگھێشتبکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، وەفدەکەی عێراق لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەند لێپرسراوێکی تری عێراقی پێکدێن.
لە رۆژی پێنجشەممەوە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ "ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و ھەروەھا ژووری بازرگانی ئەمریکا دەستپێدەکەن، کۆبوونەوەکانیش تا رۆژی سێشەممەی ھەفتەی داھاتوو بەردەوام دەبن.
پرسی بەھای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و ئەو رێکارانەی وەزارەتی گەنجینە و بانکی ناوەندی ئەمریکا بەرامبەر عێراق گرتوییانەتە بەر، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکانن.
ھاوکات رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بەغداد و واشنتۆن و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر روسیاش تاوتوێدەکرێن، چونکە عێراق قەرزی روسیای لەسەرە و دەیەوێت ھاوشێوەی بەخشینی بەرامبەر ئێران دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ دانەوەی قەرزەکانی بە روسیا. کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادیش بەشێک دەبن لە گفتوگۆکان.
ئەو وەفدەی عێراق یەکەمین وەفدە لەو کاتەوەی "محەمەد شیاع سودانی" بووەتە سەرۆک وەزیران بچێتە واشنتۆن، سەردانەکەش بۆ ھەردوو وڵات بە گرنگ و ھەستیار دەزانرێت.
نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بومەلەرزە بەھێزەی ناوچەیەکی فراوانی لە تورکیا و سوریا گرتەوە، ژمارەیەکی زۆر قوربانی و زیانی ماددی گەورەی بە شوێنی نیشتەجێبون و ژێرخانی ئابوری گەیاندووە و کارەساتێکی مرۆیی کەم وێنەیە لەم سەردەمەدا.
راشیگەیاندووە، مەرجەعی باڵای ئاینی لە نەجەف، ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەربڕیوە و ھیوادارە لایەنە پەیوەندیدار و گشتییەکان و کەسانی خێرخواز ھەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە گرنگەکان بۆ زیانلێکەوتووان بە زووترین کات.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، حکومەت و بانکی ناوەندی لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی دراو و دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر نرخی نوێی دۆلار، ئەمرۆ ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دینار دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام تائێستا بانکی ناوەندی ئاشکراینەکردووە بۆ ئەمرۆ چەند ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.
دانانی نرخێکی نوێ بۆ فرۆشی دۆلار، بەھای دیناری لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرزکردەوە و لە ماوەی چەند سەعاتێکدا بەھای دۆلار نزیکەی ١٠ ھەزار دینار دابەزی.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەلانی ناوچەکە بەتایبەتیش سوریا و تورکیا بەھۆی بوومەلەرزە و ناجێگیری کەشوھەوا لە رەوشێکی ناھەمواردا دەژین، بۆیە داوای ھاوکاری لە ھەموو لایەک دەکەن بۆئەوەی فریاگوزاری بەپەلە بگەیەنرێتە ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، داواشی لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان کردووە ناکۆکییەکانیان پشتگوێ بخەن و ھاوکاربن لەگەیاندنی ھاوکاری بە زیانلێکەوتووان، داوای لە لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش کردوە بەھانای لێقەوماوانەوە بچن و ھەموو ئەو بڕیارو سیاسەت و ناکۆکییانە رابگرن کە زیانیان بە ھاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، زیانەکان پێویستیان بە پلانی فریاگوزاری درێژخایەن ھەیە، بەو پێیەی بەشێک لە خەڵکی مەدەنی بۆ مانگەکانی داھاتوو و ڕەنگە ساڵانی داھاتووش بێ کار و خانوو و خزمەتگوزاری دەمێننەوە و ھەزاران برینداریش ھەن کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری و چارەسەرکردن ھەیە و ناوچە وێرانبووەکانیش پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەیەکی خێرا ھەیە بۆ گەڕاندنەوە ژیانی ئاسایی.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ھاوخەمی خۆی دەربڕی بۆئەو کارەساتەی بەھۆی بومەلەرزەوە سوریای گرتەوە.
راشیگەیاند، حکومەت و گەلی عێراق ھاوخەمی تورکیایە و سوریایە و ئامادەشن بەھەموو شێوەیەک ھاوکاری زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا بکەن.
ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا رایگەیاند، گەل و حکومەتی عێراق بەھەموو شێوەیەک ئامادەن ھاوکاری زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە بکەن.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبای عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، بۆئەوەی بتوانن کارەبای ٢٤ سەعاتی دابین بکەن، پێویستان بە ٣٧ ھەزار مێگاوات کارەبا ھەیەو لەئێستاشدا ١٤ مێگاوات کارەبا کورتھێنانیان ھەیە بۆئەوەی بگەنە ئەو ئاستە.
وەزیری کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، داوایان کردووە لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣دا بڕێکی پێویست پارەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆئەوەی لە بواری وەربەرھێنانی کارەبا و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا خەرجی بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا پێوێستییەکی زۆریان بە بنیاتنانی ئەو وێستگانە ھەیە کە لەرێگەی تیشکی خۆرەوە کارەبا بەرھەم دەھێنن.
"محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر یەکخستنی داتاکانی حکومەت، لە کوبونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی ئاسایشی داتاو گرتنەبەری ڕێوشوێنی پاراستنی داتاکانی حکومەت کردەوە، کە بنکەی زانیارییەکان لەدەزگا جیاجیاکانی حکومەتدا دەتوانن بەھایەکی زۆریان ھەبێت بەتایبەتی لە یەکخستنیان سوودیان دەبێت لە وردبینی و باشترکردنی ئامانجدا.
راشیگەیاند، پێویستە یەک پێکھاتەی سەرەکی بۆ بنکەی داتای نیشتمانی ھەبێت، دواتر ھەر لایەنێک دەتوانێت بزانێت چی رێگە پێدراوە بۆیان.
ھاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ھانی پەرەپێدانی میتۆدی مۆدێرنی دا بۆ بەڕێوەبردنی داتاکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بۆ بەدیھێنانی ئاسایشی داتاکان، بەمەبەستی ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکان و کەمکردنەوەی تێچوونەکان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.
ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان ١٠٠ دۆلار بە ١٦٢ ھەزار دینار بوو، بەڵام پاش خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەھای دینار زیاتر بەرزبووەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمڕۆ سێشەممە ٨١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلاری خستۆتەروو کە ٤١ ملیۆن و ٨٠٠ دۆلاری بەکاش و ٣٩ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆلاری بە حەواڵەیە.
ھۆکاری بەرزبونەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی بانکی ناوەندیی عێراق بگاتە واشنتن دی سی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی خستنەڕووی دۆلار.
بەرزبوونەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە دوای ئەوە دێت کە لەھەفتەی رابردوودا ١٠٠ دۆلار ١٧٤ ھەزار دیناری تێپەڕاند، بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لێپرسراوانی عێراقی بڵاویانکردووەتەوە، وەفدەکەی عێراق لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەند لێپرسراوێکی تری عێراقی پێکدێن.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، گرنگی بە باسکردنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بدرێت لەپێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕەکانی دراو، ھەروەھا رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بەغداد و واشنتۆن و کەرتی وزە و بە بازاڕکردنی و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان تاوتوێ دەکرێن.
سەرەتای ئەم مانگەش وەفدێکی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی ئیستەنبوڵیان کرد و لەگەڵ نوێنەرانی بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوە.