ھەیبەت حەلبوسی پەرلەمانتار و سەرکردە لە حزبی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، بەھۆی پابەندنەبوونی لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی سیادە بە رێککەوتن و خاڵ و مەرجەکانەوە، ھاوپەیمانی سیادە لە دوای ساڵێک لە پێکھێنانی بەرەو کۆتایی و ھەڵوەشانەوە دەچێت.
راشیگەیاندوە، لە کاتێکدا حزبی تەقەدوم کە ٣٧ کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە، رازی بوو بەوەی ھاوپەیمانییەک لەگەڵ چەند لایەنێک پێکبھێنێت کە بەھەموویان ١٤ کورسییان ھەیە، بەڵام بەرەو ئەوە دەچێت بەشێکی ئەو لایەنانە لە رێککەوتنەکان بکشێنەوە و ئامانج و بەرژوەندییە کەسییەکان بە سەر بەرژوەندییە نیشتیمانییەکاندا زاڵ بێت، بۆیە مەترسییەکی جددی لەسەر ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانی سیادە ھەیە.
لە پەراوێزی کۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش، محەمەد شیاع سودانی و ئەنتۆنی بلینکن کۆبوونەوەو تاوتوێی پەیوەندی دوو قۆڵیەکان وچۆنیەتی پەرەپێدانیان لەسەرجەم بوارەکاندا کرا. سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، پەرەپێدانی کەرتی وزەو دامەزراندنی کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان و پەرەپێدان لە کەرتی غاز ئەولەویەتی حکومەتەکەیەتی .
وتیشی، بونیادنانی پەیوەندی ھاوسەنگ یەکێک لە ئامانجە لە پێشینەکانیان و عێراق خواستی ھەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەھێز بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی مەشق و راوێژ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق .
لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی پلانەکانی حکومەتی عێراقی بۆ چاکسازی و پەرەپێدان کرد و دووپاتیکردەوە، ئەمریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە رۆڵی ھەرێمی عێراق لە چەسپاندنی سەقامگیریدا.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە فەرمانی محەمد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان و بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکان و فشارخستنەسەر پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی (شمشێری حەق)یان لە ناوچەکانی جەزیرە و ڕۆژئاوای نەینەوا و سەڵاحەدین دەستپێکردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم ئۆپراسیۆنە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کە ماوەی ھەفتەیەکە بەردەوامە و سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان بە پاڵپشتی ھێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانی سوپای عێراق بەشدران، روونشیکردەوە، دواتر ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان ڕادەگەیەنن.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تۆمارکردنی ناو بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتەوە و ئەو ھاووڵاتییانەی مەرجەکانیان تێدایە، دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
رونیشیکردووەتەوە، بێجگە لە کەسانی کەمدەرامەت، ئەو کچانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ٣٥ ساڵ و ھێشتا ھاوسەرگیریان نەکردووە، ھەروەھا ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان مردووە، یان باوکی مردووە و دایکی ھاوسەرگیری کردووەتەوە، لەگەڵ ئەو ژنانەی ھاوسەرەکانیان مردوون و ئەوانەشی لە ھاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە یان دیارنەماون، مووچەیان بۆ دەستەبەر دەکرێت دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
دەزگای ھەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ٨٨ کەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی وڵات.
راشیگەیاندووە، رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ ئاسانکاری چوونە ناو پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ ڕێگریکردن لە مامەڵەکردن بە دۆلار لەلایەن دام و دەزگاکانی حکومەتەوە ھاوکاربووە لە کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان.
بەپێآ رایگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی میونخ بۆ ئاسایش لە ئەڵمانیا، لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کۆبووەتەوە و داوایکردووە یەکێتی ئەوروپا ھاوکاری حکومەتی عێراق بکات لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی لەلایەن یاساوە لە عێراق داواکراون و لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێین.
سودانی داواشی کردووە کۆمپانیاکانی ئەوروپا لە سەرجەم بوارەکاندا ھان بدرێن بۆ ئەوەی لە عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا وەبەرھێنان بکەن بەتایبەتیش لە کەرتەکانی وزە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی گروپی تیرۆریستی داعش.
دوای گەڕانەوەی وەفدی باڵای حکومەتی عێراق لە واشنتۆنەوە بۆ بەغداد، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەت رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و گەنجینە و یەدەگی فیدراڵی و کۆنگرێسی ئەمریکا ڕاشکاوانە بوون و ئەنجامەکانیش زیاتر ئەرێنی بوون.
ئاشکرایکرد، لەسەر بەرزکردنەوەی بەھای دینار، ھەردوو لایەن گەیشتوونەتە میکانیزمێکی نوێ و جێبەجێکردنی پلاتفۆرمی ئەلکترۆنی، بەم نزیکانەش بەھای دینار بەرامبەر دۆلار جێگیردەبێت.
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق داواشیکرد، چارەسەری ئەو کاریگەرییانە بکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لەسەر داھات دروستبووە.
وتیشی، بەرزکردنەوەی بەھای دینار و گۆڕینی بەھای ١٠٠ دۆلار لە ١٤٥ ھەزار دینارەوە بۆ ١٣٠ ھەزار دینار کاریگەری گەورەی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ دەبێت و پێویشتە وەزارەتی دارایی جارێکی تر پێداچوونەوە بە پرۆژەیاساکەدا بکات، ئەوەش وادەی ناردنی پرۆژەکە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دوادەخات.
ھەروەھا ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران دەشڵێت، دەسکاریکردنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار کاریگەری لەسەر سیاسەتی دارایی و داھات دروستکردووە.
وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنییەکانی بەغداد زانیاری ھەواڵگرییان پێگەیشت کە ژمارەیەک چەکداری داعش ھەوڵدەدەن ھێرش بکەنەسەر سەردانیکەرانی مەزارگەی ئیمام موسای کازم، بۆ ئەو مەبەستەش ھێزێکی کۆماندۆ ئۆپەراسیۆنێکیان لە قەزی تارمییە لە باکوری بەغداد ئەنجامدا و شەڕ و رووبەرووبونەوە لە نێوان تیرۆریستانی داعش و ھێزەکە روویدا.
راشیگەیاند، لە ئەنجامدا سەرجەم تیرۆریستانی بەشداربوونی شەڕەکە کوژران و لە بەرامبەردا لیوا عەممار نۆمان سەلمان، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای کۆماندۆ و دوو لە سەربازەکانی فەوجەکە کوژران، ھەروەھا ئەفسەرێک بە پلەی ملازمی یەکەم و چوار سەربازی تریش برینداربوون.
لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەھای ١٠٠ دۆلار بە ١٥٥ ھەزار و ٢٥٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لە ئێستادا ١٥٤ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
سەرەڕای بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، بەڵام تائێستا جیاوازی نێوان نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕی ئازاد، لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ھەزار دینارە بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی چوارشەممە ٢١٣ ملیۆن دۆلاری خستۆتەروو کە ١١٤ ملیۆن دۆلاری بەکاش و ٩٨ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆلاری بە حەواڵەیە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، پشتیوانی لە رێکارە یاساییەکان بۆ دەرخستنی راستییەکان دەکرێت، و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیشدا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان سەرانسەری عێراقی گرتەوە و ھاوڵاتیان دژی گەندەڵی و نەبوونی خۆپیشاندان رژانە سەر شەقامەکان، ھاوکات گروپێکی چەکداریش کەوتنە نێو خۆپیشاندەران و کوشت و بڕ و رفاندن و بێسەروشوێنکردنیان ئەنجامدا بەو ھۆیەوە نزیکەی ٨٠٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٢٧ ھەزاری تریش برینداربوون.
"فوئاد حسێن" بە تۆڕی میدیایی عێراقی راگەیاندووە، عێراق بەردەوام دەبێت لە وەبەرھێنان لە کەرتی غازدا و لە داھاتوودا عێراق دەبێتە گەورەترین وڵات لە بەرھەمھێنانی غاز، ئەمریکاش گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵکردوون بۆ بەردەوامیدان بە کڕینی غاز و کارەبا لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
سەبارەت بە روسیاش، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، لە دانەوەی قەرزەکان بە کۆمپانیاکانی روسیا کە لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کاردەکەن دووچاری ئاستەنگ بوونەتەوە.
"فوئاد حسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق و "عەلی عەلاق" پارێزگاری بانکی ناوەندی و ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای تری عێراقی لە واشنتۆن لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی ئەمریکا کۆبوونەوە.
"عەلی عەلاق" لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ تۆڕی میدیای عێراقی رایگەیاندووە، بانکی ناوەندی پابەندە بە جێگیرکردنی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و ھەنگاوەکانیان لەوبارەیەوە جدین و پشتیوانی ھەموو لایەنەکانیشیان وەرگرتووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
"عەلی علاق" وتیشی، دانوستانەکانیان لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەرھەمدار بووە و سەکۆی ئەلکترۆنیش بۆ پاراستنی کەرتی بانکی و بانکی ناوەندی بووە لە روبەڕوبوونەوەی گرفت لە حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوەش خزمەت بە ھەموو لایەنەکان دەکات.
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاندوە، لە چوارچێوەی بەدواداچونەکان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی دارایی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، لە ١٤ پڕۆژەی دروستکردنی رێگەوبان و قیرکردندا، بە بەھای ٣٦ ملیار دینار گەندەڵی کراوە.
راشیگەیاندوە، ھەمو گەندەڵییەکان لە سنوری پارێزگای دیالە ئەنجامدراون، پارەکان بە جۆرێک گەندەڵییان تیادا کراوە کە تێچووی پڕۆژەکان بە زۆر زیاتر لە تێچووی راستەقینە دیاریکراون، ھەروەھا بە بەھای ملیارێک و زیاتر لە ٢٩٢ ملیۆن دینار لە دابینکردنی پێداویستیی خوێندنگەکانی ھەمان پارێزگا گەندەڵی ئەنجامدراوە.
حەیدەر مەجید وتەبێژی ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا دوو فڕۆکەی دیکەی ھاوکاری گەیەندراوەتە تورکیا بۆ ھاوکاریکردنی لێقەوماوان و رەوەندی عێراقی لەو وڵاتە.
وتیشی، تائێستا بە فەرمانی سەرۆک وەزیران ٢٢ فڕۆکەی ھاوکاری گەیەندراونەتە سوریا و تورکیا، کە ١٤یان بۆ سوریا و ھەشتیان بۆ تورکیا بوون.
کازم توکی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندوە، لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا جوڵەیەکی جددی پەرلەمانتاران ھەیە بۆ یەکلاکردنەوە و پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم رێگاکان کراوەن و پەرلەمانتاران بەچڕی کاری لەسەر دەکەن.
وتیشی، بۆ یەکلاکردنەوە و پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی باش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە کە پەسەندکردنی یاساکە دەبێتە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ناکۆکییەکان لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان.