وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد رەزا گۆنای، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئاماژەی بە دۆخی ئاو لە وڵاتەکەیدا کرد کە ماوە چوار ساڵە بە دۆخێکی وشکەساڵی سەختدا تێپەڕ دەبێت و لە ساڵی ١٩٣٣_ ەوە ھاوشێوەی نەبووە. داواشی لە لایەنی تورکی کرد زیانەکان لەگەڵ عێراق بەش بکات و یاداشتی لێکتێگەیشتنی ھەردوو وڵات لەبواری ئاو کارا بکات.
زیاب جەختیشی کردەوە، لەسەر پێویستی بوونی ھەماھەنگی جدی بۆ گەیشتن بە چارەسەر و ئاڵوگۆڕی دیدو بۆچوونەکان و بەھێزکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەو پێیەی ھەردوو وڵات پەیوەندییەکی مێژوویی بەھێز پێکیانەوە گرێدەدات.
ئاشکراشیکرد، بەمنزیکانە وەفدێکی باڵای عێراق سەردانی تورکیا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەی ئاو و لێکەوتەکانی لەسەر وڵاتەکەی.
سەجاد سالم، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێک لەسەر شێوەی یاسای نوێی ھەڵبژاردن بوونی نیە و زیاتر لە پێشنیازێک ھەیە سەبارەت سیستمی سانت لیگۆ و سیستمەکانی تر، لەبەرئەوە لە نێو کوتلە سیاسییەکان لەلایەک و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە لایەکی تر رێککەوتن لە ئارادا نییە.
وتیشی، لە نێو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ جیاوازی دیدو بۆچوون ھەیە لەبارەی شێوەی سیستمی یاسای ھەڵبژاردن و ھەندێک داوای سیستمی فرە بازنەیی و ھەندێکی تریش داوای سیستمی سانت لیگۆی رەسەن و ھەموارنەکراو دەکەن، لەبەر ئەوە گفتوگۆکان بەبێ رێککەوتن بەردەوامن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی چواری ئادار خوێندنەوەی دووەمی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کردوو بە پێی بەرنامەی کاری رۆژی یەکشەممەی داھاتوو دەنگ لەسەر یاساکە دەدرێت.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژانی شەممە و یەکشەممەی ھەفتەی داھاتوو، ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە و رۆژی شەممە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای ھەموواری چوارەمی یاسای وەبەرھێنانی پیشەسازی لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەدات، ھەروەھا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بەئەندامبوونی عێراق لەچەند رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی دەکات.
ھەروەھا رۆژی یەکشەممە دەنگ لەسەر ھەمواری سێیەمی پێشنیازەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان دەدات. بەڵام گفتوگۆکردن یان دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا نییە.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، یاسای کارگێڕی دارایی رێگەی بە حکومەت دەدات بودجە بۆ سێ ساڵ ئامادە بکات و دیاریکردنی نرخی یەک بەرمیل نەوتیش لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق بە ٧٠ دۆلار، جێگەی نیگەرانی نییە و پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ئەو بڕیارەیان داوە.
وتیشی، رێککەوتنی سیاسی ھەیە بۆئەوەی ھیچ کێشە و ئاستەنگێک بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق دروست نەکرێت و تێپەڕێنرێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، زیا موسەوی کە پلەکەی بەڕێوەبەری گشتییە لە دەزگای ھەواڵگری و یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی "دزی سەدە"، خۆی رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کرد و لەئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، موسەوی لەماوەی رابردوودا، لە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق خۆی داڵدەداوە، بەڵام دوای دانوستان لەگەڵیدا و دوور لە دەستوەردانی حکومی و سیاسی، ناوبراو خۆی رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە.
زیا موسەوی، تۆمەتبارە بە وەرگرتنی بەرتیل و بەکارھێنانی پۆستەکەی بەمەبەستی بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردن، بەشی گێڕانەوە لە دەستەی دەستپاکی فیدراڵیش تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت و قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئاڕاستەکردوە.
١٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشکرایکرد، دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ لە بەغدا بڕیاریداوە ژمارەیەک بەرپرسی دەستەی گشتیی باجی گشتیی عێراق راپێچی دادگا بکات، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی بردنی ٢.٥ ملیار دۆلاری پارەی ئەو دەستەیە کە دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەی شایستەی وەرگرتنی بن.
بانکی رافیدەین، لە راگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم لقەکانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە کردووە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە سەرجەم لقەکانی بانکی رافیدەین پابەندبن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتیان بەشێوەیەک رۆتینی کارگێڕی کەمبکرێتەوە و رێکاری ئاسان بۆ راییکردنی مامەڵەی خەڵک جێبەجێبکرێت.
باسی لەوەشکردووە، بڕیارەکە لە چوارچێوەی ھەوڵەکاندایە بۆ گەشەپێدانی کەرتی بانکی و بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ رەچاوکردنی ئاستەنگییەکان کە لەم خزمەتگوزارییەدا دێنەپێش.
لەبارەی مامەڵەی بازرگانان و پەنجەرەی ئەلیکترۆنیشەوە، بانکی رافیدەین لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، پێویستە ئەوانەی بازرگانن و کاڵا ھاوردەی عێراق دەکەن بەخێرایی کارەکانیان راییبکرێت و لەرێگەی پەنجەرەی ئەلیکترۆنییەوە کە بانکی ناوەندی چاودێری و سەرپەرشتی دەکات، پارەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ بگوازرێتەوە.
نەورەس مەحمود عیسا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی تەقەدوم رایگەیاند، حەوت مەرجیان دیاریکردووە بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە و داوادەکەن، دادپەروەری پەیڕەوبکرێت و دەرچووانی پەروەردە دابمەزرێن، ھەروەھا وەقفی سونی بودجەی تایبەت بە خۆی ھەبێت و ھەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ بۆ کاری مەدەنی وەربگیرێن. ھەروەھا گرەنتی مافی ئەندازیاران بکرێت و دەرفەتی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی تەقەدوم، بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی خستە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق و ھۆشداریدا لەوەی ھەڵوێستی تریان دەبێت، ئەگەر داواکاری گەل و مافەکانیان پشتگوێ بخرێن.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بەفەرمی دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و پێشبینیدەکرێت پێش ھاتنی نەورۆز، لە دانیشتنێکی تایبەتدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و دواتریش ئاڕاستەی لیژنەی دارایی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکردن لەسەر بودجە بەگشتی شەش ھەفتە دەخایەنێت، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بودجە بۆ سێ ساڵ دەوەستێت، چونکە ئەم بابەتە تازەیە و پێویستی بە روونکردنەوە و وردەکاری زیاتر ھەیە، ھەروەھا بابەتی کورتھێنانی بودجەش ھەڵوێستەی لەسەر دەکرێت، چونکە کورتھێنانی بودجە ٦٣ ترلیۆن دینارە کە بڕێکی زۆرە و پێویستە دڵنیایی تەواو وەربگرێت، کە لەکاتی دابەزینی بەھای نەوت کێشەی دیکە بۆ حکومەت دروستنابێت.
سەبارەت بە پشکی ھەرێمیش، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتی، ئەوان ھیچ شتێکی جیاواز و دەستکەوتێک نابینن کە لە بودجەدا بۆ ھەرێم گەرەنتی کرابێت، چونکە ھەرێم لە یاسای بودجەدا پابەندکراوە بە رادەستکردنی داھاتی رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەمیل نەوت و ئەوانیش چاوەڕێ ناکەن ئەو رێککەوتنە بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی دووشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی پەسەندکرد و پشکی ھەرێمیش بە ١٢.٦% دیاریکراوە.
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم لە وەزارەتی بازرگانی بە کوردسات نیوز راگەیاند، بڕیاری زیادکردنی ماددەکانی بەشەخۆراک ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و تەنیا بۆ مانگی رەمەزانە، ماددەکانیش پێکھاتوون لە یەک تەبەق ھێلکە و پێنج کیلۆ ئاردی سفر و نیوکیلۆ نیشاستە و یەک کیلۆ مەعکەرۆنی.
راشیگەیاند، ئەو ماددە خۆاکیانە لە بەشە خۆراکی مانگی سێدایە و دوای تەواوبوونی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی دوو، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، پڕۆسەی دابەشکردنەکەش دەکەوێتە مانگی رەمەزانەوە.
بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگای سەڵاحەدین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین دەرکردوە، بە تۆمەتی ئەوەی کاتێک پۆستی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی پارێزگاکەی وەرگرتوە، لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و زیانی بە بەرژەوەندی دەوڵەت گەیاندوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین کە تایبەتمەندە بە دانیشتنی دۆسیەکانی دەستپاکی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە.
دەزگای ناوەندیی ئاماریسەر بە وەزارەتی پلاندانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١١ ھەزار و ٥٢٣ رووداوی ھاتووچۆ لە سەرتاسەری عێراق جگە لە ھەرێمی کوردستان روویانداوە کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانییە و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی رووداوەکانی ھاتووچۆ بەرێژەی ٨% زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە ساڵی رابردوودا، ٣ ھەزار و ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوو ھەزار و ٢١ کەسیان لە رەگەزی نێر بوون و ٥٤٧یشیان لە رەگەزی مێ بوون، جگە لەوەش ١٢ ھەزار و ٦٧٧ کەس برینداربوون، جەختیشیکردەوەتەوە، بەپێی ئامارەکە لە ساڵی رابردوودا تێکڕا رۆژانە لە عێراق ھەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.
نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکردنە لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق.
وەزارەتی دارایی عێراق دوێنێ رەشنوسی پڕۆژەی بودجەی تەواوکرد و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد بۆ پەسەندکردنی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی بۆ سێ ساڵ پەسەندکرد و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ پەسەندکردنی.
ئاژانسی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣و ٢٠٢٤و ٢٠٢٥ پەسەندکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، پڕۆژە یاسای بودجە راستەوخۆ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا بۆ پەسەندکردنی.