لەمساڵدا عیراق گەورەترین هاوردەکاری کاڵا و شتومەکی ئوردون بووە
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ژووری بازرگانی ئوردون رایگەیاند، لەماوەی ١١ مانگی رابردوودا، عیراق گەورەترین هاوردەکاری کاڵا و شتومەکی ئوردونی بووە.
ژوور بازرگانی ئوردون لە راگەیانراوێکدا بڵاویکردەوە، لەناو ئەو وڵاتانەی کاڵا و شتومەک لە ئوردون هاوردە دەکەن، عیراق پلەی یەکەمی گرتووە، کە بە بەهای ٦٤٥ ملیۆن دیناری ئوردونی هاوردەی هەبووە.
ئەوەش هاتووە، لەدوای عێراق سعودیە لە پلەی دووەمدایە، کە بە بەهای ١٠٨ ملیۆن دیناری ئوردنی کاڵاو شتومەکی هاوردە کردووە و پلەی سێیەمیش ئیماراتە بە بەهای ٧٥ ملیۆن دیناری ئوردونی.
ئەوەی جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەرە بە ٧٠ دیناری ئوردونی، ئەمەش بەو واتایە دێت کە عیراق لەماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا بە بەهای زیاتر لە ٩٠٩ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کاڵای لە ئوردونەوە هاوردە کردووە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، لەدوای تورکیا و ئێران، ئوردون لە ریزبەندییە لەپێشینەکانی عیراقدایە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک و خۆراک لێیەوە، کە ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی لە ساڵانی ٩٠کانەوە دەستی پێکردووە.