گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، دەستیان بەسەر فڕۆكەخانەی سەربازی ئەبو زههور لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب دا گرتووە و لە ٧٥٪ی گەڕەكەكانی حەلەبیان كۆنترۆڵ كردووە، هەروەها قەدەغەی هاتوچۆیان لەكاتەكانی شەودا لەناو گەڕەكەكاندا ڕاگەیاند.


لە ٢٧ی ئەم مانگەوە چەكدارەكانی تەحریر شام، بەردەوامن لە پێشڕەوی بە ئاراستەی شاری حەلەب، بەبێ بەرهەڵستكاری هێزەكانی حكومەتی سوریا لە ٧٥٪ی شارەكە كەوتووەتە ژێر دەستی چەكدارەكان، دوای دەستبەسەرداگرتنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبیش سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان ڕاگیراون.


ژمارەی كوژراوانی سەربازی و مەدەنی بەهۆی شەڕەكەوە كە چوار ڕۆژە لە ناوچەكانی ئیدلب و حەلەب بەردەوامە، گەیشتووەتە ٣٠١ كەس و برینداربووی دەیانی دیكە. 


پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، تا ئێستا هەردوو گەڕەكی كوردنشینی "شێخ مەقسود و ئەشرەفییە" كە دەكەونە بەشی باكوری حەلەبەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدان و شەڕڤانان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ روبەڕووبونەوەی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر ئەو دوو گەڕەكە.