ئێران پشتیوانی بۆ سوپای سوریا دەردەبڕێت و لێپرسراوێكی ئەو وڵاتەش دەڵێت گرووپە چەكدارەكان لە هەڵەیەكی گەورەدان ئەگەر پێیان وابێت دەتوانن رووداوەكانی نەوەدەكان دووبارە بكەنەوە.


عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ بەسەم سەباغ وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، چالاكبونەوەی گروپە چەكدارە تیرۆریستییەكان لە سوریا پیلانی ئەمریكا و ئیسرائیلە، بەڵام ئێران بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی گەل و حكومەت و سوپای سوریا دەكات لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی ناوچەكە و سەقامگیربوونی ئاسایش و ئارامی.


موجتەبا ئەمانی باڵیۆزی ئێرانیش لە لوبنان رایگەیاندووە، ئەگەر گرووپە چەكدارە تیرۆریستییەكان پێیان وابێت دەتوانن رووداوەكانی سەرەتای ساڵانی نەوەدەكانی رابردوو لە حەلەب دووبارە بكەنەوە، لە هەڵەیەكی گەورەدان چونكە حكومەتی ئێستا سوریا زۆر بەهێزە.