مالكی و رۆمانۆسكی لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوونەوە
لاوان
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٦
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبوونەوە و جەختیانكردەوە، لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی و ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نووسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاویكردەوە، نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغداد لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبووەتەوە و تێیدا، دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێكراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا تیشكخراوەتەسەر گرنگی هەوڵەكان بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، جەختیشكراوەتەوە لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، مالكی رەخنەی لە بێهەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت بەرانبەر دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل، لەبەرامبەریشدا رۆمانۆسكی پشتیوانی ئەمریكای بۆ سەقامگیری عیراق دووپاتكردەوە و جەختیشیكردەوە، لە پێشكەشكردنی هاوكاری پێویست و بەردەوام لەنێوان هەردوو وڵات.