د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە ١٤-١١-٢٠٢٤ دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان بەڕێوەچو، گەڕایەوە بەغدادی پایتەخت.


رۆژی دووشەممە 11-11-2024 سەرۆك کۆمار بەسەرۆکایەتی وەفدێکی حکومی، کە پێکهاتبو لە دکتۆر ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی، فالح خەزعەلی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.کامل دولێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، حەیدەر مەکیە سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی بۆ وەبەرهێنان، جاسم فەلاحی بریکاری وەزیری ژینگە، د.عەلی لامی راوێژکاری سەرۆك وەزیران بۆ کاروباری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و ژمارەیەك راوێژکار و پسپۆڕان گەیشتە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و لە فڕۆکەخانەی حەیدەر عەلیێڤ لەلایەن ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حکومەتی ئازەربایجانەوە پێشوازی لێکرا.


دواتر سەرۆك کۆمار لەگەڵ ئیلهام حەیدەر عەلیێڤ سەرۆك کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە، کە لە بارەگای کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) بەڕێوەچوو.


لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە قوڵەکانی نێوان عیراق و ئازەربایجان لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا کرا، هاوکات سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی ئابوری، پیشەسازی، وەبەرهێنان، گەشتیاری، ژینگە و وزە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.


هەروەها تاووتوێکردنی تەوەرەکانی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) بابەتێکی دیکەی دیدارەکە بو، لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی چالاککردنی میکانیزمەکانی هاریکاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە و نێودەوڵەتی لە بواری بەرەنگاربونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە روبەڕوی جیهان دەبێتەوە و سنوردارکردنی کاریگەرییە مەترسییەکانی.


لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی ناوچەیی و جیهانی تاووتوێ کران، هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاڵنگاریانە، بەشێوەیەك کە بنەمای ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بچەسپێنێت.


لای خۆیەوە ئیلهام عەلیێڤ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەردانەکەی سەرۆك کۆمار و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا دەربڕی، جەختیشیکردەوە لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.


هەروەها لە دانیشتنی سەرەکیی لوتکەکەدا، سەرۆك کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و هەڵوێستی چەسپاوی عیراقی سەبارەت بە رەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی سەر غەزە و لوبنان دوپاتکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە سەپاندنی ئاگربەست و داننان بە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی فەڵەستین، لەئەستۆ بگرێت.


سەرۆك کۆمار لەوتەکەیدا ئاماژەی بەو ئاڵنگاریانە کرد، کە روبەڕوی عیراق دەبێتەوە و زیانەکانی بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەك وشکەساڵی و بەبیابانبوون و زیادبونی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمی باران و بەفر.


هاوکات سەرۆك کۆمار تەئکیدیکردەوە، کە عیراق کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی کەشوهەوا و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان. داوای لە وڵاتانی ناوچەکەش کرد لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا گروپێکی دانوستاندن پێکبهێنن بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن لەپێناو خۆپاراستن لەمەترسییەکانی گۆرانی کەشوهەوا.


هەر لە بارەگای بەڕێوەچونی لوتکەکەدا، سەرۆك کۆمار سەردانی گۆشەی عیراقی کرد و لە وتەیەکدا ئاماژەی بەگرنگی بایەخدانی جیهان بە ژینگه کرد و تێیدا پێویستی ئەو سەکۆیەی خستەڕو بەوپێیەی دەرفەتێکی دیکەیە بۆ هەلی کارکردن و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.


سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە عێراق وڵاتێکی مێژوویی دێرینە، بەڵام ئەمڕۆ کەوتۆتە ژێر کاریگەرییە گەورەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە کاریگەری لەسەر سامانە سروشتییەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکانی هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت بەفیڕۆدانی ئاو چارەسەربکرێت و رێگای تەکنەلۆژی و شێوازی مۆدێرن بگیرێنەبەر بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە وڵاتدا.

هەر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی کەشوهەوا COP29، سەرۆك کۆمار چاوی بە ژمارەیەك لە سەرۆكی وڵاتان کەوت لەوانە ئەلیکسەندەر ڤۆچیچ سەرۆکی سڕبیا و هەروەها سەرۆکی حکومەتەکان لەوانە کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆك وەزیرانی یۆنان، پیدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، پیتەر ڤیالا سەرۆك وەزیرانی چیك، ئەلیکسەندەر دی کرۆ سەرۆك وەزیرانی بەلجیکا و هەروەها ژمارەیەك جێنشین و میری وڵاتان لەوانە شێخ سوباح خالید ئەلحەمەد موبارەك سوباح جێنشینی دەوڵەتی کوەیت. لەو دیدارانەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی هاریکاری هاوبەش کرا. هەروەها دواپێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لەسەر هەردوو ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی خرانەڕو، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لوتکەی کەشوهەوا، دەرئەنجامە خوازراوەکان، پێشنیاری وڵاتانی بەشداربو، ئەو کێشانەی روبەڕویان دەبێتەوە و چارەسەرەکانی تێپەڕاندنی ئەو کێشانە. هاوکات میکانیزمەکانی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی بنیاتنەر بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان، تاووتوێکران.


لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە نابێت پێشنیارەکان تەنها وشەی داڕشتن بن، بەڵکو دەبێت بە کردار لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێن و بکرێن بە پراکتیکی بۆئەوەی پلەی گەرما لەسەر هەسارەی زەوی دابەزێنرێت و نەوەی ئێستا و داهاتوو بپارێزرێن.
هەر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، سەرۆك کۆمار لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبووەوە و هاریکاری نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە هەموو روویەکەوە تاووتوێ کرد.


لەلایەکی دیکەوە، سەرۆك کۆمار بەشداری لە پانێڵێکی گفتوگۆدا کرد، کە بە چاودێریی رێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ (فاو) و بە ئامادەبونی شو دۆنیۆ بەڕێوەبەری رێکخرابو.


لە پانێڵەکەدا میکانیزمەکانی خێراکردنی پارەدارکردنی کاروبارەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا لەپێناو سیستمی خۆڕاگری کشتوکاڵی و خۆراکی لە وڵاتانی لاواز و ئەوانەی ململانێیان تێدایە، تاووتوێکرا.


هەروەها سەرۆك کۆمار لە شوێنی مانەوەی خۆی لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، پێشوازیکرد لە فاتیح بیرۆل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە.


لەدیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاریکاری نێوان عیراق و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە کردەوە لە بواری بەکارهێنانی وزە و پشتیوانی هەوڵەکانی عێراق لەم رێگەیەدا و لە بوارە جیاوازەکان بۆ بوژانەوەی ئابوری و سودوەرگرتن لە سامانەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام.
هاوکات بەڕێزیان بەجیا پێشوازیکرد لە ئۆدیل رینو باسۆ سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان، خاتوو کریستالینا گۆرگیێڤا بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.


لە هەردوو دیدارەدا باس لە هاریکاری دوولایەنە و رێگاکانی پەرەپێدانیان لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی رێبازی گەشەپێدان لە عیراقدا کرا و سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر هەوڵەکانی عیراق بە ئاراستەی جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی تەواو بۆ پێشخستنی ئابوری و پشتگیریکردن لە پرۆسەی چاکسازیی دارایی و بانکی و پارەدارکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە و بوارەکانی تەندروستی و وزە و کشتوکاڵ و کارەبا و پەروەردە.


هەر لەمیانی لوتکەکەدا، سەرۆك کۆمار دیداری رۆژنامەوانی لەگەڵ ژمارەیەك کەناڵی راگەیاندنی ئازەربایجان و بیانی ئەنجام دا و باسی لە لوتکەی کەشوهەوا COP29 و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە لەڕوی سیاسی و ئاسایش و ئابوری و ژینگەییەوە کرد، ئاماژەی بە رێگاکانی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی ئیقلیمی و جیهانی لە بوارە جیاجیاکاندا کرد.