وەزیری وزەی لوبنان رایگەیاند، حكومەتی عیراق بۆ ساڵی چوارەم لەسەر یەك، رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی رێككەوتنی سوتەمەنی لەگەڵ لوبنان.


وەلید فەیاز وەزیری وزە و ئاوی لوبنان رایگەیاند، ئاگاداركرانەوە لەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواكارییەكەیان بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستی ناردنی سوتەمەنی لە عیراقەوە بۆ وڵاتەكەیان تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥.


دەشڵێت، حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر درێژكردنەوەی كاركردن بە رێككەوتنی ئێستا تاكۆتایی ٢٠٢٤ ، ئەمەش بەمەبەستی تەواوكردنی ئەوەی لە دەقی گرێبەستەكەیاندا هاتووە. 


گرێبەستەكەی نێوان عیراق و لوبنان لە كۆتایی مانگی رابردوو كۆتایی هات، بەڵام بۆ ساڵی داهاتووش درێژكراوەتەوە، بەگوێرەی گرێبەستەكە عیراق ساڵانە یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن سوتەمەنی بۆ لوبنان دەنێرێت لە بەرامبەر كڕینی خزمەتگوزاری لەناوخۆی لوبنان بە لیرەی لوبنانی.