راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق شانازی بە هێرشە درۆنی و مووشەكییەكانی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە دەكات بۆسەر ئیسرائیل.


محەمەد سەعید نوعمانی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری رۆشنبیری بە ئاژانسی سیما و سەدای ئێرانی راگەیاندووە، كۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە چەتری بەرەی مقاوەمە لە عیراق و سوریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و پشتیوانییەكانیشی بۆ ئەو گرووپانە وایكردووە هەستی بەرگری و نیشتمانپەروەری لەو وڵاتانە لە دژی داگیركەران بەگشتی و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە و لوبنان بەتایبەتی گەشە بكات.


وتیشی، بەهەموو شێوەیەك شانازی بە هێرشە درۆنی و موشەكییەكانی گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراقەوە دەكەن بۆسەر ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتە لەو ناوچانەی فەلەستین و لوبنان كە داگیری كردوون، ئەوەش یەكەم لێپرسراوی باڵای حكومەتی عیراقە بە ئاشكرا پشتیوانی هێرشەكانی مقاوەمەی ئیسلامی بكات بۆسەر ئیسرائیل.