فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان كوژرانی چوار تیرۆریستی داعشی لە سنووری كەركوك راگەیاند.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەژێر رۆشنایی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و بە پشتبەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی چڕ بۆ ماوەی دوو رۆژ، توانیویانە گروپێكی تیرۆریستی داعش لە زنجیرە چیای حەمرینی باشووری كەركوك دەستنیشان بكەن، كە لە چوار تیرۆریست پێكهاتبوون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی ئاسمانیدا، بە فڕۆكەی ئێف ١٦ مۆڵگەی ئەو تیرۆریستانە لە زنجیرەی چیای حەمرین كراوەتە ئامانج و سەرجەمیان كوژراون، هاوكات ئەو چەك و تەقەمەنی و كەرەستە سەربازی و لۆجیستییانەی لە مۆڵگەكەدا بوون لەناوبراون.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، هێزەكانیان و سەرجەم دامەزراوە هەواڵگرییەكان بەردەوامن لە كێوماڵكردنی تیرۆریستانی داعش و پاككردنەوەی خاكی عیراق لەو رێكخراوە تیرۆریستییە.