لە چاكسازی گەورانی سلێمانی زیندانییەك هەڵدێت
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٣٨٤
ماوەی دوو رۆژە لە چاكسازی گەورانی سلێمانی زیندانییەك برایەكی دەخاتە شوێنی خۆی هەڵدێت كە سزای لەسێدارەدانی هەیە، هێزە ئەمنییەكانیش لە هەوڵی دەستگیركردنەوەیدان.
سەرچاوەیەك لە چاكسازی گەورانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی ڕایگەیاند، زیندانییەك دوو بڕیاری سزای لەسێدارەدانی هەیە، لەكاتی سەردانیكردنی براكەیدا جلوبەرگەكانیان گۆڕیووەتەوە و براكەی خستووەتە شوێنی خۆی و دواتر هەڵاتووە و لەئێستادا براكەی لە زینداندا ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕووداوەكە رۆژی چوارشەممە ڕوویداوە و لەئێستادا هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە بە ئامانجی دووبارەدەستگیركردنەوەی زیندانییەكە.
زنیدانییە هەڵاتووەكەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، بە مادەی ٤٠٦ ی تایبەت بە كوشتن بەیاسای سزادانی عیراقی سزادراوە.
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیشدا، دوای ئەوەی ڕاگیراوێكی زیندانی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی هەڵات، بەڵام توانرا لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا لە سلێمانی دەستگیربكرێتەوە و شەش كەسی دیكەش دەستگیركران كە هاوكاربوون لە هەڵهاتن و حەشاردان و گواستنەوەی زیندانییەكە.