ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق، سەبارەت بە سکاڵایەک کە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە دانیشتنێکی ئەنجامدا، کە لە سکاڵاکەدا داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.

ئەوە یەکەم جار نییە کە دادگای فیدراڵی دانیشتنەکە دوابخات، بڕیاربوو ٣١ی ١ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەو داوایە دانیشتنێک ئەنجام بدات، بەڵام بە پاساوی ئامادەنەبوونی نوێنەری پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکەی بۆ ٧ی شوبات دواخست، لەو وادەیەشدا دانیشتنەکە لەسەر داوای نوێنەرانی کورد بۆ ١٥ی ئادار دواخرابوو، ئەمڕۆش جارێکی تر دانیشتنەکە بۆ ٢٩ی ئادار دواخرا.