د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بەفەرمی دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و پێشبینیدەکرێت پێش ھاتنی نەورۆز، لە دانیشتنێکی تایبەتدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و دواتریش ئاڕاستەی لیژنەی دارایی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکردن لەسەر بودجە بەگشتی شەش ھەفتە دەخایەنێت، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بودجە بۆ سێ ساڵ دەوەستێت، چونکە ئەم بابەتە تازەیە و پێویستی بە روونکردنەوە و وردەکاری زیاتر ھەیە، ھەروەھا بابەتی کورتھێنانی بودجەش ھەڵوێستەی لەسەر دەکرێت، چونکە کورتھێنانی بودجە ٦٣ ترلیۆن دینارە کە بڕێکی زۆرە و پێویستە دڵنیایی تەواو وەربگرێت، کە لەکاتی دابەزینی بەھای نەوت کێشەی دیکە بۆ حکومەت دروستنابێت.

سەبارەت بە پشکی ھەرێمیش، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتی، ئەوان ھیچ شتێکی جیاواز و دەستکەوتێک نابینن کە لە بودجەدا بۆ ھەرێم گەرەنتی کرابێت، چونکە ھەرێم لە یاسای بودجەدا پابەندکراوە بە رادەستکردنی داھاتی رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەمیل نەوت و ئەوانیش چاوەڕێ ناکەن ئەو رێککەوتنە بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە.

رۆژی دووشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی پەسەندکرد و پشکی ھەرێمیش بە ١٢.٦% دیاریکراوە.