تۆمەتبارێکی سەرەكی دزیی سەدە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان دەکات
کوردسات نیوز
١٤ی ئازاری ٢٠٢٣
٦٬٥٤٧
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، زیا موسەوی کە پلەکەی بەڕێوەبەری گشتییە لە دەزگای ھەواڵگری و یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی "دزی سەدە"، خۆی رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کرد و لەئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، موسەوی لەماوەی رابردوودا، لە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق خۆی داڵدەداوە، بەڵام دوای دانوستان لەگەڵیدا و دوور لە دەستوەردانی حکومی و سیاسی، ناوبراو خۆی رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە.
زیا موسەوی، تۆمەتبارە بە وەرگرتنی بەرتیل و بەکارھێنانی پۆستەکەی بەمەبەستی بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردن، بەشی گێڕانەوە لە دەستەی دەستپاکی فیدراڵیش تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت و قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئاڕاستەکردوە.
١٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشکرایکرد، دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ لە بەغدا بڕیاریداوە ژمارەیەک بەرپرسی دەستەی گشتیی باجی گشتیی عێراق راپێچی دادگا بکات، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی بردنی ٢.٥ ملیار دۆلاری پارەی ئەو دەستەیە کە دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەی شایستەی وەرگرتنی بن.