گۆتێرێس سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات
رێبوار
١ی ئازاری ٢٠٢٣
١٬٣٥٠
بۆ یەکەمجار لە دوای شەش ساڵ، گۆتێرێس بە سەردانێک گەیشتە بەغداد و لەلایەن فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گۆتێرێس متمانەی خۆی بە توانای عێراقییەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، عێراقییەکان دەتوانن لە رێگەی دیالۆگی کراوە و گشتگیر بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەرکەون.
پشتیوانی خۆشی بۆ ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دووپاتکردەوە و ھیوای خواست عێراق داھاتوویەکی ئارام و گەشەکردووی ھەبێت و ببێتە خاوەنی دامەزراوەی دیموکراسی بەھێز.
ھەروەھا ستیڤان دوجاریک، وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی گۆتێرێس بۆ بەغداد، دەربڕینی ھەماھەنگی و ھاودەنگییە لەگەڵ گەل و دامەزراوە دیموکراسییەکان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ عێراق لە ھەوڵەکانی بەھێزکردنی ئاشتی و بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ.
رونیشیکردەوە، گۆتێرێس لە بەغداد لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و نوێنەری رێکخراوەکان و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش کەمپێکی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان، بەسەردەکاتەوە و دواتریش سەردانی ھەولێر دەکات.