وەزارەتی کۆچ: ٦٣٣ ئاوارە لە زوممارەوە گەڕانەوە شوێنی خۆیان لە موسڵ
ڕێبوار
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
٣٠٢
ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و سەرجەم دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ٦٣٣ ئاوارەیان لە ناحیەی زومارەوە گەڕاندۆتەوە شوێنی بنەڕەتی خۆیان لە گوندی برزانی سەر بە پارێزگای نەینەوا.
وتیشی، لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە ھەماھەنگیدان بۆ بەخشینی بڕە پارەیەک بە خێزانە گەڕاوەکان و بونیادنانەوەی خانووە رووخاوەکانی گوندەکە و نوژەنکردنەوەی پرۆژەکان و رەخساندنی ھەلیکار لە پێناو دەستبەرکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە.
وەزیری کۆچ دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتەکەی بە پێی بەرنامەی حکومەت بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان.