پەرلەمانتارێک: ئەمریکا لە رێگەی دۆلارەوە سێ پەیامی ئاڕاستەی سودانی کردووە
رێبوار
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٣٬٦٦٥
مستەفا سەنەد لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمریکا بەبێ ئەوەی یەک پیت بڵێت سێ نامەی لە رێگەی مووشەکی وێرانکەری دۆلارەوە ئاراستەی محەمد شیاع سودانی کردووە، نامەی یەکەم بریتییە لەوەی پارەی عێراق بە دۆلار نەگوازرێتەوە سەرەڕای تەواوکردنی رێکاری دانەوەی شایستەکان، لە رێگەی پرۆسەکانی بەھێزکردنی باڵانسی دۆلار بۆ بەرژوەوەندی بانکی ناوەندی کە لەسەدا ١٠٠ەوە دایبەزاندبوو بۆ لەسەدا ٢٥.
رونیشیکردووەتەوە، نامەی دووەم بریتییە لە دوورخستنەوەی بانکەکانی ( ئەوسەت و قابز و ئەنساری و ئاسیا) لە مامەڵەی دراو ئەوەش وایکردووە فرۆشی بانکی ناوەندی بۆ یەک لەسەر سێ کەمببێتەوەو ببێتە مایەی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لە بازاڕدا.
بەوتەی مستەفا سەنەد، نامەی سێیەم بریتییە لە ئاستەنگی دروستکردن بۆ پرۆسەی کڕینی غاز و وزە لە ئێران لە رێگەی نەدانەوەی قەرزەکان، بە جۆرێک بەھای قەرزی کەڵەکەبوو لە ھەژماری ( تی بی ئای) بۆ ئێران گەیشتۆتە ١٠ ملیار دۆلار و ئەمریکا رێگانادات بگوازرێتەوە بۆ ئێران تا ئەو کاتەی عێراق لەسەر چوارچێوەیەک بۆ ھەماھەنگی لەگەڵی دەگاتە لێکتێگەیشتن.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە چاوەڕوان دەکرێت بەھای خستنەرووی دۆلار لە سەرەتای ساڵی داھاتوو بەشێوەیەکی قۆناغ بەندی روو لە دابەزین بکات.