سودانی و بەرپرسانی ئەمنی تاوتوێی رووداوەکانی ئەم دواییەی دیالە و کەرکوکیان کرد
ئاکار
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٣٥٤
بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، سودانی لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە نابێت ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی دیالە و کەرکوک بەبێ سزادان تێپەڕ بن و دەبێت تۆڵە لە بکەرانیان بکرێتەوە.
سودانی فەرماندە سەربازییەکانیشی رێنموویی کرد کە ھەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ پلانەکان بکەن و ھونەری سەربازی پەیڕەوکراویش لەو ناوچانەی کە چالاکی پاشماوەکانی تیرۆری تێدایە بیگۆڕن و شێوازی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بەکاربێنن، بەشێوەیەک کە تواناکانی تیرۆریستانی داعش لاواز بکات و جموجوڵیان سنووردار بکات.
فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان راشیگەیاند، دەبێت ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان دەزگا ھەواڵگیرییەکان ھەبێت و ئۆپەراسیۆنی نایاب و گورزی پێشوەختە لە دوژمن بوەشێندرێت.