حەشدی شەعبی: نابینە لایەن لەو ڕەوشەی بەرۆکی عێراقی گرتووە
کوردسات نیوز
٢٣ی ئابی ٢٠٢٢
١٬١٤٧
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی حەشدی شەعبی ئاشکرایکردووە، لە نزیکەوە و بەگرنگییەوە چاودێری ئەو پێشھاتە مەترسیدار و ئازاربەخشە دەکەن، کە ڕوودەدات بە تایبەت گەمارۆدانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە.
حەشدی شەعبی ئامادەیی خۆشی بۆ پارێزگاریکردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕاگەیاند، لە سەروو ھەمووشیانەوە دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان، داواشی لە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق کردووە بەرپرسیارێتی ھەڵبگرێت و دامەزراوە دەستورییەکان بپارێزێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پەیامێک ئاڕاستەی ھەموو فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی و بە تایبەت فەرماندەی ئۆپراسیۆنی سامەڕا کراوە پابەندبن بە ئەرکەکانیان و دەستورەدان لەکاری سیاسی نەکەن، چونکە ئەوانەی سەرپێچی دەکەن ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە گروپی چەکداری سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر کە لە چوارچێوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبیدان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە دەوروبەری باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاوەیان پێکرا.