سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، رێکاری ئەمنی توند بۆ پاراستنی کۆبوونەوەکە گیراوەتەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر رووداوێکی نەخوازراو، ھەروەھا ھێزی ئەمنی تایبەت دانراوە بۆ پاراستنی دادوەرەکان لەکاتی چوونە دەرەوەیان لە دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەکە.  

داواکاری بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانی سەدرییەکان لەلایەن ھەریەک لە پەرلەمانتاران "سەڵاح عەرباوی" و "باسم شێخ" و "جەمال ئەسەدی" و "قاسم عەبادی" و "عەلی تائی" لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو بەرزکرایەوە،  بە پاساوی ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران شکستیھێناوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و وادەی دەستوریش بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق تێپەڕیوە. 

چاودێران پێیانوایە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە رەتکردنەوە یاخود ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کاریگەری لەسەر داھاتووی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبێت.