بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق بڵاویکردەوە، لە یەکی کانوونی دووەم تا ١ی تەمموزی ئەمساڵ ٣٨٥٤ رووداوی ھاتووچۆ لەسەرتاسەری وڵات تۆمارکراون بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی قوربانییەکان بدات، رووداوەکانیش بریتیبوون لە پێکدادان و وەرگەڕان و کردن بەژێرەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی رووداوەکانی ھاتووچۆ بەشێوەی ترسناک زیادیانکردووە و بوونەتە مایەی گیانلەدەستدانی دەیان ھاووڵاتی، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خێرایی و خراپی رێگەوبانەکان.

لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردەوە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا چوار ملیار و ٨٩٩ ملیۆن دینار وەک قەرەبووی بیمەکردن دراوە بە زیانلێکەوتوانی رووداوەکانی ھاتووچۆ.
بەپێی ئامارەکان لەساڵی رابردوودا ٤٦٦٦ رووداوی ھاتووچۆ لە عێراقدا تۆمارکراون و  ١٥٥٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.