میدیاکانی عێراق بڵاویانکردۆتەوە، دەیان کەس لە دانیشتووانی بەسرە رژاونەتە سەر شەقامەکان و چەند رێگەیەکی گرنگیان لەنێوان ناوچەی کزیزە و زوبێر و بەغداد داخستووە.

لە زیقاریش، خۆپیشاندەران رێگەی زەیتونیان لە ناسریە گرتووە و دەڵێن ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین کێشەی  کارەبا قوڵتر دەبێتەوە. 

شەوی رابردوو بۆ سێیەمین جار، کارەبا لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان و زیقار و واست لە باشوری عێراق بڕان، ھۆکارەکەشی بۆ لەکارکەوتنی وێستگەی غازی خۆر زوبێر و ئاگرکەوتنەوە لە بەشێکی وێستگەکەدا بەھۆی زیادبوونی لۆدەوە، دەگەڕێندرێتەوە.

رۆژی ھەینیش، "ئەحمەد موسا" وتەبێژی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەھۆی فشار و گەرمای زۆرەوە یەکێک لە سەنتەرەکانی گۆڕینی "١٣٢ کەی ڤی" وێستگەی کارەبای بەسڕە تەقیووەتەوە، ئەوەش بووەتەھۆی کوژانەوەی گشتی و بڕانی کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکانی باشوور.