حەسەن ئەسەدی پەرلەمانتاری کوتلەی نەھجی وەتەنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ھەموو لایەنەکان لەگەڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختدان بەپێی یاسا و دەستور، ئەوەش لە رێگەی پێکھێنانی حکومەتێکی کاتی کە ئەرکەکەی تەنھا رێکخستنی ئەو ھەڵبژاردنە بێت.

وتیشی، بە پێی یاسا حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستای عێراق و سەرۆک کۆماریش ئەو دەسەڵاتەیان نییە داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن، چونکە ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی پێنەبەخشیوون، بۆیە ناتوانن ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێننەوە.

جەختیشیکردەوە، ئەگەر بڕیار بێت ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، پێویستە لایەنەکان لەسەری رێکبکەون و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش حکومەتێکی کاتی پێکبھێنرێت کە ئەرکەکەی تەنھا دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و جێبەجێکردنی رێکارە پێویستەکان بێت.