بە دروشمی بەرگریکردن لە دەوڵەت و دامەزراوە شەرعییەکان لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغداد دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و لەکاتی ھەوڵدان بۆ چوونە ناو ناوچەی سەوز لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان رووبەرووی یەکتربوونەوە و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ئاوپرژێن بۆ دوورخستنەوەیان بەکارھێنراو خۆپیشاندەرێک برینداربوو.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەستیانکردووە بە ھەڵدانی خێمە لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز، ھاوکات قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کردوو داوای لێکردن نەچنە ناوچەی سەوز، وتیشی خۆپیشاندانەکەیان لەپێناو عێراق و گەل و دامەزراوەکانییەتی.

لایەنگرانی رەوتی سەدریش کە ماوەی سێ رۆژە لەناو ھۆڵی ئەنجومەنی نوێنەراندان، بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایی و لەسەر داوای  رەوتی سەدر لە موسڵ و دیالە و میسان و چەند شارێکی تر خۆپیشاندان رێکخرا. 

ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی موقتەدا سەدر ناسراوە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە کۆتایی بە مانگرتن  دەھێنن و لەبینای ئەنجومەنی نوێنەران و ناوچەی سەوز بەشێوەیەکی کاتی دەکشێنەوە تاکو دانووستانی لایەنە سیاسییەکان دەگاتە دەرئەنجامێک بۆ  چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.

وەزیرەکەی سەدر داوای لە خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی تر کرد تاکو نوێژی ئێوارە لە شوێنەکانیان بمێننەوە و دواتریش چاوەڕێی رێنمایی بن.

ھەروەھا شانەی راگەیاندنی ئەمنیش بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەستوەردان لە کاروباری سیاسی ناکەن و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکاندان.