مانگرتنی خۆپیشاندەران لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە
کوردسات نیوز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٢
٥٩٨
بەشێک لە خۆپیشاندەران لە دەوروبەری باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران خێوەتیان ھەڵداوە و مانگرتنیان راگەیاندووە، بەشێکی تریش لەناو باڵەخانەکە ماونەتەوە، بەپێی ھەندێک وێنە و ڤیدیۆ کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، شەوی رابردوو خۆپیشاندەران لەسەر کورسی پەرلەمانتاران و ناو ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران خەوتوون.
رۆژی شەممە لایەنگرانی رەوتی سەدر بەربەستە کۆنکرێتییەکانی دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان لە بەغداد بڕی و چوونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش، بەھۆی دروستبوونی گرژییەوە ١٢٥ کەس برینداربوون، کە ٢٥ کەسیان ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانن.