سەرۆک بافڵ و وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆبوونەوە
٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٣
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرلین چاوی بە دکتۆر تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کەوت.
لەکۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ دکتۆر لیندنەر و تیمەکەی کرد.
هەروەها جەختیان لە هاوبەشییە بازرگانییەکانی داهاتوو و رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجانی کوردستان کردەوە.
لە هەمان رۆژدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پرۆفیسۆر ڤۆڵکەر پێرسس، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش (SWP) کە سەنتەرێکی پێشەنگی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ئەڵمانیایە کۆبووەوە کە ساڵانێکی زۆرە دڵسۆزی دۆزی کوردە و بەردەوام سەردانی کوردستانی کردووە .
لەکۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دواین پێشهاتەکانی کوردستان و عیراقی بۆ پڕۆفیسۆر ڤۆڵکەر خستەڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ تیشکی خستەسەر رۆڵی ئەڵمانیا لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و تواناکانی بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ کوردستان بۆ گەشەپێدانی ئابووری بۆ رەخساندنی خۆشگوزەرانی و دەرفەت بۆ خەڵکەکەی.