لوتكەی هاوبەشی عەرەبی و ئیسلامی لە ریاز بەڕێوەچوو
لاوان
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩٥
لوتكەی هاوبەشی عەرەبی و ئیسلامی لە ریازی پایتەختی سعودییە بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی فەڵەستین و لوبنان و داواكرا جەنگی غەززە رابگیرێت و چاوپۆشی لە تاوانەكانی ئیسرائیل نەكرێت.
لوتكەكە بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەڕێوەچوو و تێیدا، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە لە بەیاننامەی هاوبەشی لوتكەكەدا رایگەیاند، یەكەم ئەركی ئەوان راگرتنی جەنگە لە غەززە و نابێت چاوپۆشی لە تاوانەكانی ئیسرائیل بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێهەڵوێستە بەرامبەر ئیسرائیل و پێویستە بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە هەنگاوی جددی بگرێتەبەر، هاوكات، هەڵوێستی یەكگرتووی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ پشتیوانی فەڵەستین هاوكارە بۆ گەیشتنە چارەسەری قەیرانەكانی ناوچەكە.
وەزیری دەرەوەی سعودییە جەختی لەوەشكردەوە، تاكە رێگە بۆ ئاشتی بەردەوام لە ناوچەكە چارەسەری دوو دەوڵەتییە، ئاماژەی بەوەشدا، فەڵەستینییەكانی غەززە و كەناری رۆژئاوا پێویستیان بە پاراستن هەیە و لیژنەی وەزاری، بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی پاڵپشتیكردنی لوبنان دەكات.