د. سامان بەرزنجی،وەزیری تەندروستی ھەرێم رایگەیاندوە، لە ڕێگەی تیمی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران، لەساڵی ڕابردوودا بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەک کرا، دەرمان بە ھەمان نرخ و کوالێتی بۆ ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە یەک سەرچاوەوە بکڕرێت، دەرمان کوالێتیەکەی باشتر و ھەرزانتر دەبێت، ھەروەھا گرێبەستەکەشی درێژخایەنتر دەبێت و زۆربەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکانیش دەتوانن بەشداربن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەو پڕۆسەیە دوای بەدواداچوونیکی باشی بۆ کرا، لە ئەنجامدا نزیکەی ٢٧%ی نرخەکان دابەزێنران، خەرجیی کەمبووە و کوالێتیەکەشی بەرزتربووە، ئێستاش دەرمانەکان ھەرزانتر دەکڕدرێن و بەشێکی زۆریشی بەرھەمی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانە.
راشیگەیاندوە، ئەو پڕۆژەیە ١٥٦ جۆری دەررمان بە کوالێتییەکی زۆر بەرز دابین دەکات، کە بەشێکی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەن و سەرەکییەکانن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لەئۆپەراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایش، لە ٢٧ی ئابی ڕابردوودا دەستیپێکرد، لە گوندەکانی دێرەزۆر، دژی شانەکانی داعش و بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان و تاوانکارەکان، بەپلەی یەکەمیش شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی “داعش”یان کردە ئامانج.
دەشڵێت، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەشدا ٢٩ چەکداری گروپە تیرۆریستییەکان کوژراون و ١٥ چەکداریش دەستگیرکراون، ٢٥ شەڕڤانیش شەھیدبوون و ٩ ھاووڵاتیش بە تەقەی گروپە چەکدارەکان برینداربوون، ھەروەھا ٤ ئەندامی ھێزەکانی پاراستنی نەتەوەیی سوریاش دەستگیرکراون، بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیش دەستی بەسەرداگیراوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھەندێک ھێزی سەربە رژێمی سوریا و تورکیا ھەوڵیانداوە ناکۆکی دروست بکەن، بەڵام پەیوەندی بەردەوامی نێوان ھێزەکانی ھەسەدە و خەڵکی ناوچەکە و ھۆشیاری بەردەوامیان لە پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ھەوڵەکانی پوچەڵکردەوە.
ھەسەدە راشیگەیاندووە، ناوچەی دێرەزور لە ١٢٥ گوندی ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزۆری سەر بە ھەسەدە پێکدێت، تەنیا لە ٥ گوند گرژی لە نێوان شەڕڤانان و گروپە چەکدارەکان دروستبووە.
سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، فراکسیۆنی یەکێتی کاردەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بانگھێشتی وەزیری دارایی عێراق بکەن بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ھۆکاری دابین نەکردنی مووچە.
وتیشی، لە ئێستادا حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ٥٠٠ ملیاردینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەپێی راپۆرتی رێکخراوی دیلۆتیش حکومەتی ھەرێم دەتوانێت بە داھاتی ناوخۆ و ئەو ٥٠٠ ملیار دینارە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابەش بکات.
راشیگەیاند، حکومەتی ھەرێم پێویستە خۆی کۆبکاتەوە، بەو بڕ پارەی لە بەغدادەوە دەنێردرێت لەگەڵ داھاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکات.
دەقی ڕوونکردنەوەکە...
ھەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، شایستەی (١٦) ترلیۆن و (٤۹۸) ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە (۱)ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (۹٠٦) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە. بەڵام لە ٢٠٢٣/١/١ تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنھا بڕی (٢) ترلیۆن و (٥٩٨) ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە (٤٠٠ ) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی ھەشتی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی (١١) ترلیۆن تەرخانکراوی ھەرێمی کوردستانە.
لە ٢٠٢٣/١/١ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە پێی ژمارەکانی ھاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنھا بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە ھیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز
ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵکوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.
دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، (٥٠٠ )ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داھاتی ئێمە بریتییە لە (٣٢٠) ملیار دینار،ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە ھێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی ھەرێم کە دەکاتە (۱) ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا ھاتووە.
لەبارەی داھاتی نەوت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە ٢٥\٦\٢٠٢٣ تا ئێستا ڕۆژانە تێکڕا بڕی ٨٥ ھەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی و حکومەتی ھەرێم ئامادەش بووە ھەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لە بەرانبەردا حکومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرھێنان و بەرھەمھێنان
و گواستنەوەی نەوتەکە.
لەبارەی داھاتی نانەوتی ھەرێمی کوردستانیش ھەر لە سەرەتاوە شەفافانە ھەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داھاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی تەسلیم بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان ھەیە بۆ داھاتە نانەوتییەکان و ھەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە ھەرێم ھەیەتی لەناوشایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە.
لەکۆتاییدا ڕایدەگەینین ھیچ ھۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ ھیچ تێکەڵکردنێک ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی وتەبێژ، مووچەخۆرانی ھەرێم نەک سێ ھێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە. حکومەتی ھەرێم، ھەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام ھەمیشە بەبیانوویێک مافی ھەرێم پێشێل دەکرێت و بەرێز وتەبێژ لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت"باشترین ڕێگا چارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورو ڕێککەوتنەکانە"،ئێمەش لەمەدا ھاوڕاین لەگەلتان بەڵام دەشپرسین،کێ دەستوورو یاساکانی پێشێلکردووە؟کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟
دەقی پەیامەکەی لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە:
ئارامی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانی کەرکوک واتە ئارامی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانی عێراق
ئاشکرایە تێکچونی ئارامی و سەقامگیری ھەرشارێک کاریگەری لەسەر تەواوی شارەکانی تری وڵات دەبێت و کارادانەوەی جیاوازی لایەنە سیاسیەکانی لێدەکەوێتەوە، جگە لەوانەش رێگا بۆ ھەندێکی وڵاتی جیھان و ئەجندای دەرەکی خۆش دەکات بەجۆرێک لە جۆرەکان دەستێوەردان لەو شارەبکەن و کێشەکان قولتر بکەنەوە.
ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان لە شاری کەرکوک کە شاری پێکەوەژیانی نەتەوەو ئاین و مەزھەبە جیاوازەکانە، ھەروەک سەرۆک مام جەلال کەرکوکی بە چەپکە گوڵەکە وەسفی کردووە، پێویستە بەوریاییەوە مامەلەی لەگەڵ بکرێت، چونکە تێکچوونی بارودۆخی شارێکی وەک کەرکوک پێکدادانی بەشێک لە پێکھاتەکانی لێدەکەوەێتەوە، بەتایبەتی لەم بارودۆخە بەشێک لەلایەنە سیاسی و سەربازییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای خۆیان، ھەوڵی بەکارھێنانی خەڵک و لایەنگری خۆیان دەدەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەھێینن.
پیلان و ھەوڵی لەو جۆرە جگە لە زیان گەیاندن بە خەڵکی کەرکوک و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان پێکھاتەکان و شەھید بوونی رۆڵەکانی ھیچ ئەنجامێکی نابێت، بەڵکو پێویستە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستی ئارامی بۆ شارەکە کێشەکان بەئاشتی و لەسەر بنەمای پێکەوەژیان چارەسەر بکرێت، ھەروەک چۆن لە دەستوری عیراق و لەماددەی ١٤٠ رێگای چارەی بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچە دابڕاوەکان داناوە، پێویستە کار بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئەو ماددەیە بکرێت و شارەکە دوور بخرێتەوە لە ململانێی و بەکارھێنانی ھەست و سۆزی خەڵکەکەی لەپێناو بەدەستھێنانی دەستکەوتی حزبی.
ھەر لەبارەی کەرکوک و ئەو بارودۆخەی لەماوەی رابردوو بەسەری ھات پێویستە حکومەتی عیراقی فیدراڵ رێگای راست و دروست بگرێتەبەرو بەیەکسانی سەیری پێکھاتەکان بکات، چونکە تێکچونی ئارامی و سەقامگیری شارێکی وەک کەرکوک، دەبێتە ھۆی تێکچوونی پێکەوەژیان لەو شارەو نائارامی لەتەواوی وڵات، بۆیە پێویستە رێگا لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو جۆرە بگیرێت و پێکھاتەیەک بەسەر پێکھاتەیەکی تر فەرز نەکرێت کە ئەنجامێکی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە.
لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
لیژنەی باڵای ئەمنیی کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کەرکوک و پێکەوەژیانی پێکھاتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و لە رێگەی یاساوە، داوا لە ھەموو لایەنە سیاسی و سەرۆک ھۆزەکان دەکەن، بەشداربن لە پاراستنی گیان و ئاسایشی ھاووڵاتیانی کەرکوک و ھاوکاربن لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان.
راشیگەیاند، خەمیس خەنجەر دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاگاداریکردوونەتەوە کە ئەوان ھەرجۆرە خۆپیشاندان و مانگرتن و تێکدانێکی ئاسایشی ھاووڵاتیانی کەرکوک رەتدەکەنەوە و لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانن بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە، ھەروەھا رایانگەیاندووە، سەرجەم کادرانیان ئاگادارکردووەتەوە، ھیچ جۆرە خۆپیشاندان و چالاکی و مانگرتنێک ئەنجامنەدەن، ھەروەھا بێبەریبوونی خۆیان لە ھەرجۆرە چالاکییەکی لەوجۆرە راگەیاندووە.
لیژنەکە راشیگەیاند، نوێنەرایەتیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان، پەیوەندییان پێوەکردوون و ھەمان پەیامیان پێگەیاندوون.
لە کۆتایدایدا لیژنەی باڵای ئەمنیی کەرکوک دەڵێت، لە ئەگەری ھەر بانگەوازێک بۆ ئەنجامدانی "کاری نایاسایی"، ئەرکی ھێزە ئەمنییەکانە ھەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر و لێپرسینەوە بکەن لەگەڵ ھەر لایەنێک کە یاسا پێشێل دەکات.
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم رایگەیاندووە، بەپێی فەرمانێکی وزاری، دەوامی مامۆستایان لە خوێندنگە حکومییەکان بە گوێرەی وانەکانیان دەبێت کە لە خشتەی بەشە وانەکانیان بۆیان دیاریکراوە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت، واتە جگە لە وانەکانی خۆی و ئامادەبوونی لە بەشەوانەی ھەفتانەی راھێنان، مامۆستایان پابەند ناکرێن بە مانەوەیان لە سەرەتای دەوام تا کۆتایی دەوام و سەرپشکن لە مانەوە لە ناوەندەکانی خوێندن.
وەزارەتی پەروەردە لە فەرمانێکی تریشدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کردووە ئاماژەی بەوە کردووە، نابێت لە ھیچ ناوەندێکی خوێندندا بۆ یەکپۆشی فشار لەسەر خوێندکاران دروست بکرێت، ئەوەش بە لە بەرچاوگرتنی باری ژیان و گوزەرانی ئێستای ھاوڵاتیان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دوو پێشنیاز بۆ دابەشکردنی موچە تاوتوێدەکرێن، کە بریتین لە دەستکردن بە دابەشکردنی مووچە لەو وەزارەت و فەرمانگانەی مووچەیان کەمە، یاخود دواخستنی دابەشکردنی مووچە تا ئەوکاتەی بە داھاتی ناوخۆ و پارەکەی بەغداد بڕی پارەی پێویست بۆ مووچە بەردەست دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لەگەڵ تاوتوێکردنی دابەشکردنی مووچە و ھەڵسەنگاندنی داھاتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی کەرکوک و ئەگەری سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغداد تاوتوێدەکرێن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تائیستا ھیچ برە پارەیەک لە بەغدادوە بۆ ھەرێم ڕەوانە نەکراوە و ھەرکاتێک پارەکە بگات بەشێوەیەکی رەسمی ڕای دەگەیەنن.
رۆژی دووشەممە، وەزیری دارایی ھەرێم رایگەیاند، ٥٠٠ ملیارەکەی بەغداد و داھاتی ناوخۆ کە مانگانە ٣٢٠ ملیار دینارە، بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات، بەو پێیەش بۆ دابەشکردنی مووچە ١٠٠ ملیار دینار کورتھێنان ھەیە.
محەمەد مەھدی بەیاتی سەرکردەی ھاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەکرد، لەچەند رۆژی رابردوودا کەرکوک بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕیووە و ئاستەنگییە ئەمنییەکان بەغداد ناچاردەکەن بڕیاری بوێرانە بدات لەپێناو بەھێزکردنی سەقامگیری نێوان پێکھاتەکانی شارەکە.
راشیگەیاند، پێشبینیدەکرێت گۆڕانکاری لە ئاستی یەکەمی پۆستە ئەمنییەکانی شارەکەدا بکرێت لەبەر چەند ھۆکارێک لەوانە، فەرماندە ئەمنییەکان پێویستە لەسەریان ئاسایش بەرقەرار بکەن و نەبنە ئامرازێکی بە سیاسی کراو، ھەروەھا شارەکە پێویستی بەو فەرماندانەیە کە زۆر دوورن لە دۆسیەی سیاسی و بەبێ جیاوازی یاسا بەسەر ھەموواندا بسەپێنێت.
مەھدی بەیاتی دووپاتیکردووەتەوە، ھیچ دۆخێکی ئەمنی بە سیاسیکراو، خزمەت بە کەرکوک ناکات و پێویستە سیاسەت دوور بێت لە دۆسیەی ئەمنی.
حزبی دیموکرات، کۆمەڵە، پژاک، سازمانی خەباتی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دوای کۆبوونەوەیان راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بۆ ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە و رۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلول وەک رۆژی مانگرتنی گشتی لە ھەموو کوردستان راگەیاند و داوایانکرد لەو رۆژەدا دوکان و بازاڕ و فەرمانگە حکومییەکان دابخرێن و رێورەسمی رێزلێنان لەسەر گڵکۆی شەھیدەکان رێکبخرێت.
حزبەکانی رۆژھەڵات داوایان لە چین و توێژە جیاوازەکان لە ناوخۆ و تێکۆشەران و ھێزو لایەنە پێشکەوتنخوازەکانی دەرەوەی وڵات کردووە پشتیوانی مانگرتنی گشتی بکەن و پیشانی بدەن شۆڕشی ( ژن، ژیان، ئازادی) تا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژەی ھەیە.
ئەنجومەنی وەزیرانی لە راگەیەندراوێکی لە بارەی کۆبونەوەی ئەمڕۆ بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەدەکات، جەختیان لەوەکردوەتەوە کە پێویستە لەبەرامبەر پابەندییەکانی ھەرێم، کۆی گشتی شایستە داراییەکان بۆ ھەرێم خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەکاتە ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار و مانگانەش بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و٣٧٥ ملیار دینار.
داواش لە ھێز و لایەنە سیاسی یەکانی ھەرێم دەکات یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵات و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، ھاوکات داواشی لە ھێز و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکھێنەری حکومەتی عێراق کردوە شایستەکانی ھەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا ھاتووە، خەرج بکرێت و پابەند بن بە کارنامەی وەزاریی و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکھێنانی حکومەت و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردوە پشتیوانی ھەرێم بێت لە بەدەستھێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.
دەشڵێت، ھەرێمی کوردستات تەواوی پابەندییەکانی بەرامبەر بەغداد جێبەجێکردووە، بۆیە پێویستە بەغدادش تەواوی شایستە داراییەکان رەوانەی ھەرێم بکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەھیدانی ڕووداوەکانی کەرکووک دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر ھاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا.
ئەنجومەنی وەزیران داواش لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە ئەوانەی چەکیان بەکارھێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە ھۆی شەھیدکردنی ھاووڵاتییانی سیڤیل، بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.
جوتیار عادل بەڕێوەبەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دواپێشھاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بارودۆخی مووچە لە ھەرێمی کوردستان و بەرەئەنجامی دواکۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری ھەرێم لەگەڵ وەفدی ھاوتایان لە بەغداد خراوەتەڕوو.
سەرچاوەیەکیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی دارایی راسپێردراوە بۆ دەستپێکردنی مووچەی فەرمانبەران و چاوەڕواندەکرێت ھەفتەی داھاتوو خشتەی مووچەی مانگی تەممووز بڵاوبکرێتەوە و بە داھاتی ناوخۆ و قەرزەکەی بەغداد دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ئەو کورتھێنانەشی دروستدەبێت لە داھاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە.
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات لە سەرەتاشدا مووچەی ئەو توێژانە دابەشدەکرێت کە مووچەکانیان کەمە.
رۆژی لەلایەکی دیکەشەوە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری ھەرێم پەیوەست بە داھاتەکان و دابەشکردنی مووچە فەرمانبەران رایگەیاند، ٥٠٠ ملیارەکەی بەغداد و داھاتی ناوخۆ کە مانگانە ٣٢٠ ملیار دینارە، بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات کە مانگانە تەنھا بۆ مووچە وەزارەتەکەی پێوستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە، بەو پێیەش زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە کورتھێنان ھەیە.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ شاندی دانوستانکاری ھەرێم بێئەنجامبوونی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، بەغداد ھاوشێوەی پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەرێم دەکات و مافە داراییەکانی بۆ خەرجناکات.
ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە"رایگەیاند، ھێزەکانیان ماوەی 10 رۆژە ئۆپەراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایشیان لە گوندەکانی رۆژھەڵات و باکوری دیرەزۆر دەستپێکردووە و ھەوڵی تیرۆریستانیان بۆ نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش پوچەڵکردووەتەوە.
راشیگەیاندووە، لە درێژەی ئۆپراسیۆنەکەدا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان 11 شەڕڤان شەھیدبوون، پیلانەکانی نێو ژوورە تاریکەکانیانی پوچەڵ کردەوە.
لەلایەکی ترەوە، ھەسەدە ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە ناوچەی زبیانی سەربە پارێزگای دێرەزور و لە میانەی شەڕ و پێکدادانەکاندا، 71 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە لەو ژمارەیە نۆ ھاووڵاتی و 62 چەکدار بوون، داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکات بەزووترین کات ئەو ناوچەیە چۆڵبکەن بۆ ئەوەی پارێزراوبن.
عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم رایگەیاند، کاریان لەسەر بە جینۆسایدناساندنی کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان کردووە، زۆربەی دۆسییەکان لە دادگا یەکلاکراونەتەوە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش بڕیاری بۆ دەرچووە، ئەوەی ماوەتەوە دەبێت حکومەتی عێراق بە گشتی داوای لێبوردن بکات و قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکاتەوە.
وتیشی، تائێستا حکومەتی عێراق خۆی لە داوای لێبوردن و قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان دەدزێتەوە، لەکاتێکدا پێویستە دەوڵەتی عێراق، داوای لێبوردن بکات و حکومەت جێبەجێی بکات.
وەزیری شەھیدان جەخت لەوەشدەکاتەوە، ترسیان ھەیە لە دووبارەبوونەوەی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاییبارانکردنی خەڵکی کوردستان، وەکو ھەڵەبجە و گۆپتەپە و عەسکەر و پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک، کاریشیانکردووە بۆ ئەوەی کۆمەڵەی زانایانی نێودەوڵەتی، پشتیوانیی وەزارەت و ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو مەترسییانە لەسەر ھەرێمی کوردستان دووبارەنەبنەوە.