یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێم رایدەگەیەنێت، قۆناغی سێیەمی سەرژمێری بە کۆڵەکەی پرۆسەکە دادەنرێت و پێویستە هاووڵاتیان زانیاری دروست بە بژمێرەكان بدەن.

شوان جەبار یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێم لە گەشتی هەواڵەکانی سەعات هەشتی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، قۆناغی یەكەم و دووەمی سەرژمێری لە هەرێم بەر لەوادەی خۆی تەواوبوو، بۆ قۆناغی سێیەمی سەرژمێری پێویستە كەسێك لە ماڵ بمێنێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەكان و بژمێر نزیكەی ١٥ خولەك لە هەر ماڵێك دەمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی داتا.

وتیشی، پێویستە هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، داواشی لە هاووڵاتیان کرد هەماهەنگی بژمێرەكان بكەن و وەڵامی پرسیارەكانیان بدەنەوە، چونکە قۆناغی سێیەمی سەرژمێری بە کۆڵەکەی پرۆسەکە دادەنرێت.