سبەینێ قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ شەممە قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی هەرێم دەستپێدەکات، پرۆسەکەش بۆماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، کە تیایدا بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە لە سەرانسەری هەرێم بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆڕمی پرسیارنامەی خێزانەکان بۆ ئەو ٧۷ پرسیارەی کە لە پرسیارنامەی باری دیموگرافی، باری کۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردەی و تەندروستی و کار و بێکاری و نیشتەجێبوون و کۆچ و هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و زانیاری کارتی نیشتمانی و فۆڕمی خۆراک و رۆژی لەدایکبوون، ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون لەنێو خێزاندا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەکی تریشەوە سەبارەت بە خزمەتگوزاریەکانی ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بوونی پێویستییەکانی ناو ماڵ، پرسیار لە تەواوی خێزانەکان دەکرێت جا شارنشین بن یاخود گوندنشین.

هاوکات داوا لە سەرجەم خێزانەکان دەکات هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوو هاوکاری بژمێرەکان بن و پێویستە بۆ وەڵامی پرسیارەکان کەسێکی بەرپرسی خێزانەکە لە ماڵ بێت بۆ وڵامدانەوە، کە لە کۆتایدا دەبێتە مایەی پێشکەشکردنی خزمەتێکی باشتر بۆ هەموان.

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم سەبارەت بە هاووڵاتیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانەی لە قۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان، پێویست دەکات بۆ قۆناغی کۆتاییش یەک کەس لە ئەندامانی خێزانەکانیان بگەڕێنەوە ناوەچەکانی خۆیان بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت، دەرئەنجامی پرۆسەکەش بەشێوەیەکی دروست کۆتایی پێبێت