هاوسەرۆكانی دەمپارتی لەگەڵ سەرۆكی جەهەپە بۆ تاوتوێكردنی پڕسی ئاشتی كۆدەبنەوە
هادی
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١
ئەمڕۆ هاوسەرۆكانی دەمپارتی لەگەڵ سەرۆكی جەهەپە بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان كۆدەبنەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ تونجەر باقرهان و تولای هاتیمئۆغولاری هاوسەرۆكانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەمپارتی) لە ئەنكەرە لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كۆدەبنەوە.
وتیشی، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا پرسی ئاشتی و پرسی كورد لە توركیا و باكوری كوردستان تاوتوێ بكرێت.
ئەو كۆبوونەوەیەش لە كاتێكدایە كە رۆژی پێنجشەممە دەوڵەت بەخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە كۆبوونەوەی پارتەكەی داوای لە دەمپارتی كرد سەردانی زیندانی ئیمراڵی بكەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان كۆببنەوە.
پێشتریش هاوسەرۆكانی دەمپارتی لە وەزارەتی دادی توركیا داوایەكیان پێشكەشكرد بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان.